وەزیری بازرگانی: کاردەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی
30/01/2021
وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم رایگهیاند؛ لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو کارگانەی داخراون و شیاوی کردنەوەن جارێکی دیکە بخرێنەوە کار، هاوکات کار لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی هەناردەکردن دەکەین، بۆ ئەوەی بەروبوم و کاڵای ناوخۆ زیاد بکرێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی (رادیۆی دەنگی گۆڕان)دا رایگەیاند؛ کاردەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ساڵی (2020) (174) کارگەی و (هەزار و 222) کۆمپانیای نوێ دامەزراوە.
وتیشی: بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیان گەیاندووە، بەشێکی زۆری بابەتەکان کە لە ناوبازاڕدان هاوردە دەکرێن و بە دۆلار دەکڕدرێت، بەڵام رۆژانە لە رێگەی تیمەکانی چاودێری بازرگانییەوە رێگری لە بەرزبونەوەی نرخ و گرانبوونی بازاڕ دەکرێت.
لەبارەی پارەی گەنمی جوتیاران ئاماژەی بەوەکرد، شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی (2020) (دوو سەد) ملیار دینار بووە، تا ئێستا حکومەتی عێراق (75) ملیار دیناری ناردووە و بەسەر جوتیاراندا دابەشکراوە، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ناردنی پارەکە بەردەوامی هەبێت.