مستەفا سەید قادر: چاکسازی هەمەلایەنە تەنها رێگەچارەیە

02/02/2021

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چاکسازی هەمەلایەنە بە پەیرەوکردنی پلانێکی ورد کە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەی نیشتمانی بێت بە تەنها رێگەچارە دەزانێت بۆ  مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەرەشەیەک لە ئاییندەدا رووبەرووی هەرێمی کوردستان بێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢/٢/٢٠٢١، لە شاری هەولێر،  مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلیڤییە دیکۆتینی کۆنسۆڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی میدیایی جێگری سەرۆکی هەرێم، هەردوولا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقیان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کردوە، بەتایبەتی ئەو پرسانەی کە پەیوەندیان بە دۆخی دارایی و موچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێم لە بودجەی داهاتووی بەغدا و ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێکوتەکەی کە گرنگە بەزووترین کات هەوڵ بدرێت لە لایەن هەموو لایەکەوە بگاتە هەرێم، هەروەها دۆخی سیاسی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پرسی چاکسازی تەوەرەیەکی سەرەکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە هەردولا بە چارەسەرێکی گرنگیان زانی بۆ تێپەراندنی ئەم قەیرانە داراییەی ئێستا، چاکسازی یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات کاروباری گشتی خۆی رێکبخاتەوە و پێداچوونەوە بە هەیکەلی گشتی حکومەت بکات وەک بەشێک لە پلانی بنیادنانی سیستمی حکمڕانی باش لە هەرێمدا، ئەم چارەسەرە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات باشتر پشت بەخۆی ببەستێت و ئەرکەکانی خۆی لەسەر بنەمای گرنگیان پۆلێن بکات.

کۆنسۆڵی گشتی فەرەنسا ئاماژەی بە هاوکارییە جیاوازەکانی فەرەنسادا و وتی "هەندێک لە رێکخراوە ناحکومی و کۆمپانییە فەرەنسییەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ئێمە هەوڵ دەدەین کە پشتگیریمان بۆ هەرێمی کوردستان لایەن و ئاستی جیاواز بگرێتەوە.

لە لایەن خۆیەوە، مستەفای سەید قادر، جەختی لە یەکریزی و یەکگرتووی هەڵوێستی سیاسی کورد لە نێوان پارتە ساسییەکان کردەوە و وتی؛ ئەنجامدانی چاکسازی هەمەلایەنە بە پەیرەوکردنی پلانێکی ورد کە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەی نیشتمانی بێت بە تەنها رێگەچارە دەزانین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەرەشەیەک لە ئاییندەدا رووبەرووی هەرێمی کوردستان بێتەوە، لەهەمان کاتدا، ئەو یەک هەڵوێستییە یارمەتی پتەوکردن و بەهێزکردنی رۆڵی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ نوێنەرایەتیکردنی سیاسی هەرێم بە باشترین شێوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانی.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: رۆڵی فەرەنسا هەمیشە جێ شانازی و پێزانینە و دەبێت ئەو پەیوەندییە مێژوویە دێرینە بەهیمەتی هەردولا بپارێزرێت و زیاتر گەشە بکات.


هەواڵی زیاتر