دانا عه‌بدولكه‌ریم: لەماوەی دەستبەکاربونمانه‌وه‌ تائێستا ٤٩ پڕۆژەی رێگاوبان و حەوت پڕۆژەی نیشتەجێکردن تەواوکراون

03/02/2021

رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٢/٢ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کارو چالاکییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم و بابەتەکانی پەیوەست بە رێگاوبان و یەکەی نیشتەجێبون، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە.

دوای کۆبونەوەکەش، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛  بەخۆشحاڵییەوە کۆبونەوەیەکی زۆر باشمان ئەنجامدا، لەم کۆبونەوەیەدا زۆربەی زۆری ئەو پرسیار و رونکردنەوانەی کە پێویست بون لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پێشکەشی بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە کرا. لەو چوارچێوەیەدا هەم لە بواری رێگاوبان و هەم لە بواری یەکەکانی نیشتەجێبون و هەم لە بواری چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ئێستا لەبەردەم پڕۆژەکاندا هەیە ئەوانەی کە تەواو نەبون، ئەو پلانانە چین کە بتوانین پڕۆژەکانی پێ تەواو بکەین گفتوگۆی لەسەر کراوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی: " لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی کومەتی هەرێمی کوردستان وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، لانیکەم ئەو ئەرکانەی لەسەرشانمان لەبواری یەکەی نیشتەجێبون و چ لە بواری رێگاوبان کە زیاتر گرنگیمان پێداوە بەوپێیەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی فراوانتر بەکاری دەهێنن و هاوڵاتیان لە هەمو چین و توێژەکان پێویستیان بە رێگاوبانێکی سەلامەت هەیە".

هەروەک رونیکردەوە، لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەی رابردودا، لەبواری رێگاوباندا زیاتر لە نۆ ملیۆن مەتر دوجا قیرمان کردوە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، لەو چوارچێوەیەشدا (٤٩)پڕۆژە تەواوکراون، حەوت پڕۆژەش لەبواری نیشتەجێکردندا تەواوکراون، بەشێک لەوانەش وەک شوقەکانی قەڵادزێ دابەشکراون.

هاوکات کۆمەڵێک داتای سەبارەت بە کارو پڕۆژەکانی وەزارەت خستەڕو، تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا زیاتر لە ١٢٩ پڕۆژەی رێگاوبان لەبواری جێبەجێکردان، کە خۆی لە ٤٤٠کیلۆمەتر رێگای دوساید و ١٠کیلۆمەتر رێگای یەکساید دەبینێتەوە، ٧٩٢ کیلۆمەتر چاککردنەوەی رێگاوبانەکان. هاوکات هەشت پردو تونێل لەبواری جێبەجێکردندان، لەگەڵ زیاتر لە ٨٠٠ کیلۆمەرتر رێگای گوندەکان کاری تێدا دەکرێت.

سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبونیش، ئەوەی خستەڕو، کە (٦٢) پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبون کە هەشت هەزار و ١٦٤ یەکە لە خۆدەگرێت لەبواری جێبەجێکردندان، بەڵام بەداخەوە ئەمانە لەئێستادا وەکو پێویست کاریان تێدا ناکرێت لەبەر بونی قەیرانی دارایی، بۆ ئەوەش وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەیەکمان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە هیوادارین لەنزیکترین کاتدا لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوازێکی گونجاو ئەو یەکەی نیشتەجێبونانە تەواو بکەین و پێشکەشی ئەو هاوڵاتیانەی بکەین کە سودمەند دەبن لێی.

لەبارەی شێوازی دابەشکردنی یەکەکانیش، وتی: "یەکەکانی نیشتەجێبون ئەگەر تەواوکرابێت، چ بە دروستکردنی یەکەکە و تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکانی، ئەوکاتە بڕیاری دابەشکردنی دەدرێت، وەکو ئەو رێنماییانەیکە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەرچوە، لیژنەیەک دروستدەکرێت لە چوارچێوەی یەکە ئیدارییەکەدا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەو یەکە ئیدارییەو نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ئەندام دەبن تیایدا، هەروەها فەرمانێکیشم دەرکردوە کە نوێنەری کۆمەڵەو رێکخراوەکانی کرێنشینان ئەندام بن لەو لیژنەیەدا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شەفاف و لەسەر بنەمای خاڵبەندی دابەشبکرێن".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بە پرۆسەی چاکسازی کردو رایگەیاند "لەپرۆسەی چاکسازیدا وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەقۆناغی کۆتاییداین، ئەو لیژنەیەی دروستکراوە بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو کردوە، لەو بڕوایەدام تا کۆتایی مانگی داهاتو زۆربەی زۆری کارەکانی پرۆسەی چاکسازی تەواو بکرێت ئەوەی تایبەتە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە".


هەواڵی زیاتر