بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان: زەوی بەو کەسانە دەدرێت کە رەزامەندییان هەیە
03/02/2021
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان رایدەگەنێت: ئەو کەسانەی ساڵی (2006) رەزامەندی پێدانی زەوییان لەحکومەت وەرگرتوە و رەزامەندییەکەیان نوێکردوەتەوە مامەڵەکەیان بەڕێدەکرێت، دەشڵێت: پرۆژەی ریسایکلین لە سلێمانی دەستی بەکارکردن کردوە و دەتوانێت سەرجەم خۆڵ و خاشاکەکان چارەسەر بکات، لە تەکیەش پرۆژەی ریسایکیلین دروست دەکەین کە خۆڵ و خاشاکی (21) شارەوانی چارەسەر دەکات.
کەمال مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی) رایگەیاند: ئەو هاوڵاتی و مامۆستا و فەرمانبەرانەی ساڵی (2006) رەزامەندییان بۆ وەرگرتنی زەوی هەبوە و لە دوای یەکگرتنەوەی هەردو ئیدارەکە جارێکی دیکە لە ساڵی (2009 - 2012) لە هەولێر رەزامەندیان نوێ کردوەتەوە رۆژانە مامەڵەی پێدانی زەوییان بۆ بەڕێدەکرێت و زەوی وەردەگرێت، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا حکومەت سیاسیتێکی نوێ پەیڕەو دەکات، لەبری دابەشکردنی زەوی بەسەر هاوڵاتیاندا، لە رێگەی وەبەرهێنانەوە شوقە و یەکەی نیشتەجێبون دروست دەکرێت.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان، بەڕیوەبەری گشتی شارەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکات ئەو پڕۆسەیە زۆر بەباشی بەڕیوە دەچێت و تیمەکان بەباشی کاری خۆیان دەکەن، دەشڵێت: وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاکیش بەبڕیاری (126ی ساڵی 2017) بۆ کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانییەکان بۆ بەکارهێنانەوەی لە پرۆژە خزمەتگوزاری دیکەدا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاوڵاتیان بە گرانی دەزانن، ئەگەر پێشتر ئەو بڕیارە بدرایە و بچوایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەلای خەڵکەوە ئاسایی بو کە سێ بۆ پێنج هەزار دینار مانگانە بدات بە ئەو خزمەتگوزارییە.
لەبارەی پرۆژەی ریسایکلین لە سلێمانی و تەکیە، کەمال مستەفا دەڵێت: "ئەوەی سلێمانی دەستی بەکارکردن کردوە لەناوچەی تانجەرۆ و دەتوانێت سەرجەم خۆڵ و خاشاکەکانی ئەوێ چارەسەر بکات، پرۆژەکەی تەکیەش لەقوناغی کارکردندایە و لەکاتی دیاریکراودا تەواو دەبێت و خۆڵ و خاشاکی (21) شارەوانی ناوچەکانی دوکان تا چەمچەماڵ چارەسەر دەکات لە پیسبونی ژینگە رزگاریان دەبێت".
بۆ چارەسەری کێشەی زەوی جوتیاران و قەرەبوکردنەوەی زەرەمەندبوەکان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەکانەوە داوای لیستی جوتیارانی زەرەرمەندبو کراوە بۆە ئەی قەرەبو بکرێنەوە و لەساڵی (2021) کۆتایی بەو کێشە دەهێنرێت.