جێگرى پارێزگارى سلێمانی: سیستەمی لامەرکەزى دەبێتە هۆى پتەوبونی قەوارەى هەرێم

03/02/2021

جێگرى پارێزگارى سلێمانی رایدەگەیەنێت: دیدى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامە سیاسیەکەیدا بەرجەستە کراوە، دەشڵێت: ئەگەر بەشێویەکی تەندروست سیستمی لامەرکەزى جیبەجێ بکرێت دەبێتە هۆى پتەوبونی قەوارەى هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد عەلی، جێگرى پارێزگارى سلێمانی بۆ کاروبارى هونەرى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سبەی) رایگەیاند: دیدى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامە سیاسیەکەیدا بەرجەستە کراوە، بەپێی پێوەرە دیموکراتییەکان بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی رۆژانەى خۆیان پێویستە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان شۆڕبێتەوە ئەمەش یەکێکە لە خاڵە سەرەکیەکانی پێکهێنانی کابینەى نۆى حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بزوتنەوەى گۆڕان و پارتی رێککەوتنیان لەسەرکردوە.

وتیشی :"لەڕوى زانستییەوە پایە و بنەماکانی سیستەمی لامەرکەزی ئاشکرایە، خۆى لە رەهەندەکانی ئیدارى کە پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕییە، دارایی و سیاسی دەبینێتەوە، کە شارەکان نوێنەرى خۆیان بۆ جێبەجێکردنی کاروبارى رۆژانەى خۆیان هەڵدەبژێرن".

جێگرى پارێزگارى سلێمانی رایگەیاند: لایەنە سیاسییەکان (بزوتنەوەى گۆڕان، یەکێتی و پارتی) پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ کردنی سیستەمی لامەرکەزى هەیە، پێویستە  پەرلەمانى کوردستانیش هەنگاوى بۆ بنێت، سەرەتا لەڕێگەی هەموارکردنەوەى یاسای ژمارە (3)ـى ساڵى (2009)ی پارێزگاکان و کەموکورتییەکانی چارسەر بکات و دەسەڵات بدرێت بە پارێزگارەکان و ئەنجومەنەکان لەڕوى کارگێڕى و داراییەوە.

ئەحمەد عەلی، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد: لەوڵاتە هاوچەرخەکاندا دەسەڵات لەسەر بنەماى سیستەمی لامەرکەزییە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەکان دەکرێت و بەرپرسی دامەزراوە حکومییەکان بەدەنگی هاوڵاتیان دەسەڵات وەردەگرێت و تواناى لێپرسینەوەشیان لێیان هەیە، ئەگەر بەشێویەکی تەندروست سیستەمی لامەرکەزى جیبەجێ بکرێت دەبێتە هۆى پتەوبونی قەوارەى هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەى متمانەى هاوڵاتیان بە حکومەت، چونکە فەلسەفەى لامەرکەزى بریتییە لە نزیکبونەوەى حکومەت لە هاوڵاتی.


هەواڵی زیاتر