مستەفا سەید قادر: دۆخی سیاسی دەخوازێت لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسه چارەنووسسازەکاندا یەک هەڵوێستبن
09/02/2021
جێگری سەرۆكی هەرێم رایدهگهیهنێت: هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سیاسی و دارایی و ئابووی هەستیاردا تێدەپەڕێت، سەرباری قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاریگەری تەواوی لەسەر تەندروستی و گوزەرانی خەڵک و باری دەروونیان دروستكردوه، هەموو پێویستمان بە رێکەوتن هەیە لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی گشتگیر بۆ تێپەراندنی دۆخەکە.
رۆژی دوو شەممە، 8 / 2 / 2021، لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جەیمس سورنتۆن كونسوڵی گشتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و عەقید سێر چارلس سایكس راوێژكاری تایبەت بۆ كاروباری بەرگری بەریتانیا كرد.
لە كۆبونەوەكەدا پەیوەندی هەرێمی كوردستان و بهریتانیا و هەنگاوەكانی یەكخستن و چاكسازی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و دۆخی تەندروستی گشتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم، داوای لە كونسوڵی گشتی بەریتانی كرد وەك چۆن لە قۆناغە جیاجیاكاندا پشتگیریان لە هەرێمی كوردستان کردووە، لە ئێستاشدا هاوكار و پشتیوان بن بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە.
جەیمس سورنتۆن، كونسوڵی گشتی بەریتانیا، پشتیوانی بهریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە و رایگەیاند بە بەراورد بە هەندێ لە وڵاتان، بەشداریەكی زۆر و كاریگەریان هەیە لە هەرێم و عێراق، نوێنەرایەتی بهریتانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵادایە و كارەكان بەرفراوانترە و کارمەندی زیاتریان دامەزراندووە.
هەردولا جەختیان لەوە كردەوە كە كوردستان پێویستی بە چاكسازی هەمەلایەنەی راستەقینە هەیە، بەتایبەت لە رووی یەكخستنی سەرچاوەكانی داهات و چاكسازی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە.
لە تەوەرێكی دیکەدا، جێگری سەرۆكی هەرێم و كونسوڵی گشتی بهریتانیا باسیان لە سیاسەتی هەمەچەشنی ئابووری کرد بەشێویەک کە تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت، هەروەها کۆنسۆڵی گشتی بهریتانیا پێشنیاری کرد زەمینەی زیاتر برەخسێت بۆ هاندانی هاتنی كۆمپانیای بیانی بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی وەبەرهێنان. کۆنسوڵی بهریتانیا هیوای خواست كوردستان ببێتە نموونەی هەرێمێك کە سەقامگیری سیاسی و ئاشتی دادوەری کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی ئابووری تێیدا بەرقەرا بێت.