وەزیری دارایی: حكومەتی هەرێم پابەندی رێكکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادە
09/02/2021
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ پابەندی رێكکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدان و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە چارەسەر نەك ببنە بەشێك لە كێشەكان.
ئەمڕۆ سێشەممە (9/2/2021) ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن، كونسوڵی گشتی بەریتانیا و شاندی یاوەری کۆبوەوە و لەو کۆبونەوەکەدا تاوتوێی رێكکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و چۆنیەتی بەڕێوەچونی دانوستانەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم رێکكەوتنەكە كرا.
كونسوڵی گشتی بەریتانیا رایگەیاند؛ وەک چۆن حكومەتی وڵاتەكەی لە ماوەی رابردودا ناوچەی دژە فڕینی بۆ كوردەكان دابینكرد، بە هەمان شێوە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەن بە هەمو شێوەیەك هانی هەرێم و بەغدا بدەن بۆ رێكکەوتنی نێوان هەردولا.
لای خۆیشییەوە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، حكومەتی هەرێم پابەندی رێكکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە چارەسەر نەك ببنە بەشێك لە كێشەكان.
دوپاتیشی کردەوە کە بەریتانیا دەتوانێت كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان هان بدات رو بكەنە هەرێمی كوردستان و پەرە بەبوژاندنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بدەن.