لیستى ناوى کاندیدانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پەرلەمانى کوردستان

29/07/2018

 

 

بزوتنەوەى گۆڕان بە فەرمى و دواى پێشکەشکردنى بە کۆمیسیۆن، لیستى ناوى
کاندیدەکانى ئاشکرا کرد، رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەش
رایدەگەیەنێت؛ یەکێک لە بەهێزترین لیستەکان دەبین و هەوڵدەدەین زۆرترین
کاندیدمان بنێرینە پەرلەمان.

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، زمناکۆ جەلال رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى
بزوتنەوەى گۆڕان ناوى لیستى کاندیدانى بزوتنەوەکەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى
کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند: دواى کردنەوەى دەرگاى خۆکاندید کردن،
زیاتر لە (350) (سی.ڤى) هاتە لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن، دواى چەند رۆژێک لە
گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى سیڤیەکان و پسپۆرییەکانیان لیژنەکە لیستێکى (100)
کەسیى ئامادەکرد کە؛ عەلى حەمە ساڵح وەک سەرۆکى لیستى بزوتنەوەى گۆڕان
دیارى کراوە و ئەمڕۆ لە وادەى یاساییدا پێشکەشى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و
راپرسیمان کرد.

ئاماژەى بەوەکرد؛ لە دیاریکردنى کاندیدان و لیستەکەدا رەچاوى رەگەز و
جوگرافیا و چین و توێژە جیاوازەکان و پسپۆڕیى کراوە و (70%)یان لە رەگەزی
نێر و (30%)یان لە رەگەزى مێ-ن، لە روى بڕوانامەوە، (70%)ى خاوەنى
بڕوانامەى دیبلۆم بەرەو ژورە بەشێوەیەک (50%)یان خاوەنى بڕوانامەى
بەکالۆریۆسن (7%)یان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا و (7%)ى کاندیدەکان خاوەنى
بڕوانامەى ماستەرن و (25%)یان بڕوانامەى سەرەتایى و ناوەندییان هەیە.

هەروەک رونی کردەوە؛ کە سێ لە کاندیدەکان لە خولەکانى پێشو پەرلەمانتار بون
و (15%)ى کاندیدەکان یاسایین و ئەوانى دیکەش پسپۆرییان لە بوارەکانى
کارگێڕى و ژمێریارى و کشتوکاڵ و بوارەکانى دیکەن.

وتیشى: "لیستى بزوتنەوەى گۆڕان یەکێک لە لیستە بەهێزەکان دەبێت و
هەوڵدەدەین زۆرترین کاندیدمان بنێرینە پەرلەمان، بەشێوەیەک لە پڕۆفیسۆرەوە
تێیدایە تا هەمو چین و توێژەکان، چونکە پەرلەمانتاران نوێنەرى هەمو
کۆمەڵگان، هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەى گۆڕانیش لەسەر ئەو بنەمایە کارى
کردوە، ئێمەش ئەوانەمان کاندید کردوە بۆئەوەى نوێنەرایەتى چین و
تویژەکانیان بکەن".

ئەوەى خستەڕو کە هەمو هەوڵ و ئامادەکارییەک دەکەن بۆ ئەوەى رێگریى لە ساختەکاریى بگەن.

 

 


هەواڵی زیاتر