بریکاری‌ وەزارەتی‌ کارەبا: نیاز و نیەت نیە بۆ زیادکردنی‌ نرخی‌ کارەبا

15/02/2021

بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رەتی‌ دەکاتەوە هیچ نیازێک هەبێت بۆ زیادکردنی‌ نرخی‌ کارەبای‌ نیشتیمانی‌ لەسەر هاوڵاتیان و راشیدەگەیەنێت؛ لەدیراسەداین دابەشکردنی کارەبای هەرێم بدەین بە کەرتی تایبەت، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی‌ به‌هه‌ده‌رچون و زیادکردنی‌ سەعاتەکانی‌ پێدانی كاره‌بای نیشتمانی بە هاوڵاتیان.

کامیل قەزاز، بریکاری‌ وەزارەتی‌ کارەبای‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئه‌مساڵ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌، ئەگەر ته‌واوبن دۆخی‌ کارەبا له ‌ساڵانی تر زۆر باشتر ده‌بێت، کە ئەوانیش ‌ریسایكڵی دو وێستگه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بۆری غاز رابكێشرێت بۆ دهۆك کە هێڵێکی زۆر ستراتیژی و "عیملاقه‌" ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌وه‌ ته‌واو ببێت "نزیكه‌ی 1000 مێگا وات ده‌توانیین ئیش پێ بكه‌ین له‌ناوچه‌ی دهۆكدا و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌كنیكیشمان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات".

لەبارەی‌ ئەگەری‌ پێدانی‌ کەرتی‌ کارەبا بە کەرتی‌ تایبەت، بریکاری‌ وەزارەتی‌ کارەبا دەڵێت: "ئێستا خه‌ریكی دیراسه‌كردنی ئه‌و بارودۆخه‌ین نه‌ك كه‌رتی كاره‌با، ته‌نها دابه‌شكردنی كاره‌با بەمانای سیانه‌كان له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی فرۆشتنی وزه‌ ده‌دات، به‌ڵام وه‌كو كاره‌با به‌شی هێڵه‌كان به‌شی وێستگه‌كان به‌ده‌ستمانه‌وه‌ ده‌مێنێت ئێمه‌ سێ سێكته‌رمان هه‌یه‌، سێكته‌ری دابه‌شكردن، سێكته‌ری هێڵه‌كان و وێستگه‌كان، سێكته‌ری "ته‌ولید"‌، "ته‌ولید" تائێستا دراوه‌ به‌كه‌رتی تایبه‌ت و رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می لای ئێمه‌ ماوه‌ نزیكه‌ی 15% یە، وێستگه‌كان و هێڵه‌كان ده‌مێنێت له‌لای ئێمه‌ به‌ڵام دابه‌شكردن له‌دیراسه‌داین كه‌بیده‌ین به‌كه‌رتی تایبه‌ت".

لەو دیمانەیەدا لەگەڵ دەنگی‌ ئەمەریکا کامیل قەزاز، باسی‌ لەوە کردوە ئەگەر دابەشکردنی‌ کارەبا بدەن بە کەرتی‌ تایبەت بە ئامانجی‌ دانانی‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی كاره‌با کە ئێستا نزیكه‌ی (25%)ی به‌هه‌ده‌رده‌چێت، بۆیە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ئەو به‌هه‌ده‌رچونه‌ کۆبکرێتەوە و ئەوەش زۆر رۆڵی ده‌بێت لە زیادکردنی‌ پێدانی سەعاتەکانی‌ كاره‌بای نیشتمانی".

هەروەک جەختی‌ کردوەتەوە لەوەی‌ کە تائێستا هیچ نیازێک و نیه‌تێك نییه‌ كه ‌نرخی كاره‌با به‌رز بكرێته‌وه‌، دەشڵێت: "به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی كاره‌با له دەسەڵاتی‌ وه‌زاره‌تمان نییه‌، به‌ڵكو له دەسەڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه.


هەواڵی زیاتر