هەڤاڵ ئەبوبەکر: سیستمی لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات

20/02/2021

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: سیستمی لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و دەرفەت دەداتە هەمو لایەک بەشداریی بکات لە بەڕێوەبردنی وڵات و کێبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت لەنێوان شار و پارێزگاکان دروست بکات.

لە پەراوێزی بەڕێوەچونی کارەکانی دیداری سلێمانی بۆ لامەرکەزی، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند: هەمو لایەکمان پشتیوانی له‌ لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی ده‌كه‌ین بەمەبەستی ئەوەی داهات و دەسەڵات لەسەر بنەمای ئەرک و بەرپرسیارێتنی دابەش بکرێت بەپێی تایبەتمەندی یەکە کارگێڕیی و ئیدارییەکان و سودوەرگرتن لەو سەرمایە مرۆیی و سروشتییەی هەیە.

وتیشی :"لامەرکەزیەت بۆ ئەوەیە دسەڵاتدارێتی بەرەو دەوڵەتداری و حوکمڕانی راستەقینە ببات، رۆتین کەمبکاتەوە، شەفافیەت و لێپرسینەوە زیاد بکات، له‌ڕێی‌ لامه‌ركه‌زیه‌ته‌وه‌ قەوارەی هەرێم پتەو و بەهێز دەبێت."

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند :"سیستمی لامەرکەزی وادەکات لەناوەوە هەمو کەس لە بەڕێوەبردنی حکومەت بەشداریی بکات و هەمو تواناکان بەگەڕبخات، کێڕکێی‌ لەنێوان شارەکان دروست بکات، بۆ ئەوەی باشترین بەرەوپێشچون و پەرەپێدان دروست بێت".


هەواڵی زیاتر