وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی: به‌م نزیكانه‌ شایسته‌ی‌ دارایی‌ جوتیارانی‌ هه‌رێم دابه‌ش ده‌كرێت

23/02/2021

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌بارەی‌ شایستەی‌ دارایی‌ ساڵانی‌ رابردوی‌ جوتیارانی‌ هه‌رێم كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنی‌ له‌باره‌وه‌ كراوه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: شایسته‌ داراییه‌كانی ساڵانی (2014 و 2015 و 2016)ی‌ جوتیارانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بڕه‌كه‌ی‌ (557) ملیار و (755) ملیۆن دیناره‌ و چەند ساڵێکە راگیرابو، دوای‌ چڕکردنەوەی‌ هەوڵەکان لەماوەی‌ رابردودا، ئێستا حکومەتی‌ عێراقی‌ فیدڕاڵ بڕیاریداوە بە خەرجکردنی‌ نیوه‌ی پاره‌كه‌ به ‌بڕی(268) ملیار دینار، ئەو بڕە وه‌رده‌گرین و ئه‌وه‌ش کە ده‌مێنێته‌وه‌ پێویستی به هه‌وڵی هه‌مو لایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له ‌قۆناغه‌كانی داهاتودا وه‌ریبگرین."

له‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌)، كه‌مال موسلیم رایگه‌یاندوه‌: لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆكانی شاره‌كانی هه‌رێم پێكهاتوه، سبەینێ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی‌ خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ی كه‌ دیاریكراوه‌، هه‌ر کە چەکی‌ بانک و پارەکە وه‌رگیرا به‌سه‌ر جوتیاراندا دابه‌شی ده‌كه‌ین.

وتیشی‌: بەوپێیەی‌ حكومه‌تی عێراق رەزامەندی‌ لەسەر خەرجکردنی‌ نیوه‌ی کۆی‌ بڕی‌ پارەکە دەربڕیوە، ئێمەش بڕیارمانداوە به‌بێ دیاریكردنی ساڵه‌كه‌ هەر جوتیارە کە لەو سێ ساڵەدا بەرهەمەکەی‌ وەرگیراوە، نیوەی‌ شایستە داراییەکەی‌ بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م جوتیاران سودمه‌ندبن، واتە ده‌مانه‌وێت سه‌رجه‌م جوتیاران نیوه‌ی مافی خۆیان وه‌ربگرن و کەس بێبەش نەبێت نیوەکەی‌ دیكه‌ش كه ‌ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ قوناغه‌كانی داهاتو کە پارەی‌ دیکە خەرج کرا وەری‌ بگرن".

سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران بۆ ‌ساڵی (2020)، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: قوناغ به‌ قۆناغ و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام وه‌كو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌پێی هه‌بونی پاره شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران بۆ ساڵی‌ رابردو ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، تا ئێستا ‌شه‌ش قۆناغ پاره‌ گەیشتوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و دابەشکراوە.


هەواڵی زیاتر