عەمید فەرەیدون عومەر: ئۆتۆمبێلی‌ خوار مۆدێل نایاساین و مەترسیشیان هەیە

23/02/2021

بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێلى بەقاچاخ هێنراو لەگەڵ ئەوەى کێشە بۆ هاتوچۆ دروست دەکەن، کێشەى ئەمنیشیان هەیە و دەکرێت تاوان و کارى تیرۆرستیان پێ ئەنجام بدرێت.

عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى سلێمانى بە (سبەى) راگەیاند: تا ئێستا ئامارێکى فەرمى نییە بۆ ئەوەى بزانین چەند ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێل هەیە، بەڵام ژمارەیان زۆرە و بە هەزاران ئۆتۆمبێل مەزەندە دەکرێن کە بە قاچاخ لە سنورەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە وە هێنراونەتە ناوەوە گیروگرفتى زۆریان بۆ رەوشى هاتوچۆ دروستکردوە، هەندێکیان بێ ژمارە و هەندێکیان بە ژمارەى ساختەوە لە شەقامەکان دەسوڕێنەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات کە خاوەنى ئەو ئۆتۆمبێلانە سودیان لەو دۆخە وەرگرتوە کە مەفرەزەکان بەهۆى قەیرانى دارایی و کۆرۆنا کەمبونەتەوە و ئەوانیش ژمارەیان زیادیکردوە، دەشڵێت: "هەرکەسێک بەو ئۆتۆمبێلانەوە بکەوێتە مەفرەزەوە لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت و ئۆتۆمبێلەکەى دەستى بەسەردا دەگیرێت".

بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى سلێمانى لەبارەى کاریگەرییەکانى زیادبونى ئەو ئۆتۆمبێلانەوە دەڵێت: ئەم ئۆتۆمبێلانە لەگەڵ ئەوەى سوڕانەوەیان پیشێلکارى یاساى هاتوچۆیە، لە هەمانکاتدا مەترسیی ئەمنى و تاوانکارییان هەیە و دەکرێت کارى نایاساییان پێبکرێت لەبەر ئەوەى ژمارەکانیان هى خۆیان نییە و نازاندرێت بەدەست کێیە و کێ ئەو کارانەى پێ ئەنجام داون".

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە داوایان لە وەزارەتى ناوخۆ کردوە بۆ رێگرى لەو پێشهاتانە، ئەو ئۆتۆمبێلانە گومرگیان لێ بسەندرێت و رسوماتى تۆمارکردنیان لێ بسەندرێت و تۆماربکرێن، بەڵام وەزارەتى ناوخۆ رازى نییە بە تۆمارکردنیان.


هەواڵی زیاتر