لوقمان عه‌زیز: هاوپه‌یمانان بە کاربەدەستانی حکومەتیان ڕاگەیاند، چاكسازی نه‌كه‌ن یارمەتییەكانی پێشمه‌رگه‌ دەبڕین

25/02/2021

ڕاوێژکارێكی‌ سەربازی له‌ وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایده‌گه‌یه‌نێت: فاکتەری گرنگ و کاریگەر سەبارەت بەئاراستەی هەنگاوەکان بۆ ئەوەی هێزەكان بکرێن بە هێزێکی نیشتیمانی‌، لایەنی دارایی‌ یان نەبونی موچە نیە، بەڵکو نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە لە لایەن حیزبە سیاسەکان و لەناو حیزبەکانیشدا ئەوانەی کە خاوەنی یەکەی سەربازی تایبەت بە خۆیانن.

‌لوقمان عه‌زیز كه‌ریم، ڕاوێژکاری سەربازی له‌ وەزارەتی پێشمەرگە، سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ چاكسازی‌ ده‌ڵێت: ئەنجامدانی چاکسازی رێگرە لەبەردەم خواست و بەرژەوەندی کەمینەیەکدا کە ئەتوانم بڵێم ئەم جۆرە کەمینەیە لە لایەن زۆربەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دیاروئاشکراو ناسراون.

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ( زه‌مه‌ن پرێس) ‌لوقمان عه‌زیز كه‌ریم، ڕاوێژکاری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، پرسه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌و وه‌زاره‌ته‌ ڕونده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت: بڕیاری دابەش کردنی سێ موچە تەنها بۆ ئەو لیوایانەیە کە لە ئێستادا سەربە وەزارەتی پێشمەرگەیە و یەک موچەش بۆ لیوای (١٢)یه‌، کە پێشتر هاوپەیمانان لە لیستی کۆمەک و هاوکاریەکانی خۆیان بێ بەشی کردبون، پێدانی سێ موچە بەسەریەکەوە خواستێکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بوو کە بەرامبەر حکومەت گرتیە بەر کە هەموو لایەک ئەزانێت پێشتر پارەیەک تەرخان کرا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەخرایە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی و دیارە ئەوانیش وەک سەرجەم داهاتەکانی حکومەتی هەرێم مامەڵەیان پێوە ئەکرد و کە وەک هەموو موچەخۆرانی تری وەزارەتەکانی تر بە لێبڕینەوە دابەشیان ئەکرد.

وتیشی‌: فاکتەری گرنگ و کاریگەر سەبارەت بەئاراستەی هەنگاوەکان بۆ ئەوەی ئەم هێزە بکرێت بە هێزێکی هەرێمی کوردستانی لایەنی دارایی یان نەبونی موچە نیە بەڵکو نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە لە لایەن حیزبە سیاسەکان و لەناو حزبەکانیشدا ئەوانەی کە خاوەنی یەکەی سەربازی تایبەت بە خۆیانن و نایانەوێت بێنە ژێر چەتری دام و دەزگایەکی نیشتمانی چونکە حەلکردنی هێز واتە کۆتایی هاتنی بەرژەوەندی نایاسایی و ناشەرعی هەندێک لە کەسانی سیاسی و سەربازی خاوەن چەکدار .

لەسەر چاکسازیەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لوقمان عه‌زیز ده‌شڵێت: چاکسازی زۆر ئەستەمە لە جێگەیەکدا بکرێت کە گەندەڵی ڕەگێکی قوڵی لەناو بیروهزری ئەوانەدا داکوتابێت کە ڕایان بسپێریت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە کە خواست وبەرژەوەندی خۆیی تیانەبێت لەکاتێکدا لەوەش دڵنیا بن کە ئەوە ئەرکێکی پیشەیی و نیشتمانیەو ئەتوانێت ماف و بەرپرسیارێتی زۆرینە مسۆگەر بکات .بێگومان ئەنجامدانی چاکسازیش رێگرە لەبەردەم خواست و بەرژەوەندی کەمینەیەکدا کە ئەتوانم بڵێم ئەم جۆرە کەمینەیە لە لایەن زۆربەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دیاروئاشکراو ناسراون.

وتیشی‌: کاتێک مرۆڤ ئەتوانێت بڕیارێکی جدی بدات کە بە دوای چارەسەرو دەرمانێکدا بگەڕێت بۆ ئازارێک یان ساڕێژکردنی برینێک کە هەست بە بوونی نەخۆشیەکەی خۆی بکات کە لە جەستەیدایە . گرفتی کاربەدەست و بڕیاردەرەکانی ئێمە لەوەدایە تا ئێستا قەناعەتێک دروست نەبوە لە لایەن ئەوپیاوە نەخۆشانەی کە ناهێڵن چاکسازی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت چونکە مەودای بیرکردنەوەی ئەوان لە بازنەیەکی تەسکی حزبی و شەخسیدایەو هەرگیز نەش و نما ناکات بۆیە هەست بە مەترسی و کاریگەری ئەم ڤایرۆسەکە ناکات کە لەوانەیە سنورێک نە‌هێڵێت لە نێوان ئێمەو ئێوەو تەنانەت ئەوانەش کە هێشتا لە دایک نەبوون .هیوادارم وەڵامەکەم ڕون بێت .


هەواڵی زیاتر