هەڤاڵ ئەبوبەکر: 110 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌گاته‌ سلێمانی

01/03/2021

پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند: پێشنیازى ئێمە ئەوەیە کە کەرەنتینە رانەگەیەنرێت و سێکتەرە گشتییەکان دانەخرێن و پڕۆسەى خوێندن بەردەوام بێت، ده‌ڵێت "ئەمڕۆش بەشە ڤاکسینى کۆرۆنا دەگاتە هەرێمى کوردستان".

ئەمڕۆ دوشەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر ئەو راپۆرتەى وەزارەتى تەندروستى پێشکەشى دەکات پێداچونەوە بە رێکارەکانى خۆپارێزیدا دەکرێت و ئومێد دەکەین ئەو رێکارانە بە شێوازێک بن جارێکى دیکە گرفتى ئابورى و بژێوى بۆ خەڵک دروست نەبێتەوە.

پارێزگارى سلێمانى وتیشى :"پێشنیازى ئێمە ئەوەیە کە کەرەنتینە رانەگەیەنرێت و سێکتەرە گشتییەکان دانەخرێن و پڕۆسەى خوێندن بەردەوام بێت و چاودێرى لەسەر جێبەجێکردنى رێکارە خۆپارێزییەکان توندترو بەهێزتر بکرێت".

به‌وته‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر :"بڕیاروایە ئەمڕۆ ئەو بڕە ڤاکسینەى بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراوە بگات و لەو بەشەش 110 هەزارى بۆ پارێزگاى سلێمانی تەرخانکراوەو لە قۆناغى یەکەمدا دەدرێتە کارمەندانى تەندروستى و دواتریش بۆ کەرتى پەروەردەو ئەو مامۆستایانەى تەمەنیان سەرو 55 ساڵە".

لەبارەى دروستکردنى قەرەباڵغى لە بۆنەکاندا، پارێزگارى سلێمانى وتى :"بەپێى پێشنیارى لیژنەى باڵاى ئۆپراسیۆنەکان، هەمو کۆبونەوەو قەرەباڵغییەک قەدەغەکراوەو بۆنەکان تەنها لەرێى بەیاننامەو تاجەگوڵینەوە دەکرێنەوە، نەک بە قەرەباڵغى و کۆبونەوە".


هەواڵی زیاتر