د.هەڤاڵ ئهبوبهكر: لە نەورۆزدا نە کەرەنتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتوچۆ
17/03/2021
پارێزگاری سلێمانی ڕایدهگهیهنێت: له ڕۆژانی نهورۆزدا ئاگر لەپارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە بەڵام ئاهەنگ گێڕان و قەڕەباڵغی دروستکردن و بەریەککەوتن و کۆبوونەوە نابێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو ئەو چالاکیانەی دەکرێن لەژێر ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکاندا بەڕێوەدەچن، ئاگر لەمامەیارەش دەکرێتەوە، بڕیارە لەبناری گۆیژەش بکرێتەوە.
د.هەڤاڵ ئهبوبهكر پارێزگاری سلێمانی، له دیمانهیهكیدا لهگهڵ دهنگی ئهمریكا سەبارەت بەبەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی نەورۆز لەمساڵدادهڵێت: بەشێوەیەکی سروشتی خەڵک لەدەشت و دەر ئەگەر بۆ سەیرانی خۆی بچێتە دەرەوە بەمەرجێک ڕێنماییە تەندروستیەکان ڕەچاوبکەن حاڵەتێکی سروشتی دەبێت بەڵام پەیوەست بەبۆنەڕەسمییەکان هیچ کۆبۆنەیەک لەشوێنی داخراو ناکرێت، هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک بەقەڕەباڵغی ناکرێت.
سەبارەت بەهاتنی گەشتیاران لەڕۆژانی نەورۆز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕونیکردەوە" پەیوەست بەگەشتیاران یان هەرکەسێک بیەوێت بێت بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە پێش 72 کاتژمێر پشکنینی کۆرۆنای پێ بێت، وە ئەگەر گروپی گەشتیاری بن دەبێت پێشوەخت هەماهەنگیان هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، وە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگیان بن، کارەکانیان بۆ ئاسان بکەن.هاتوچۆ لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو ئێستا ئاسایی دەبێت."
دەربارەی مەرجی بەستنی ماسک، پارێزگاری سلێمانی وتی" ئێستا من کە قسەدەکەم خۆم ماسکم بەستووە، ئومێد دەکەم هەموو کەس بۆ ئەوەی خۆی و دەوروبەرەکەشی و جیهانیش بپارێزێت پابەندبێت بەبەستنی ماسک بۆماوەیەکی درێژ دەبێت ببین بەهاوڕێی ئەم داهێنراوە تازەیە بۆئەوەی هەموو لایەک دڵنیابکەینەوە کەئێمە نابین بەسەرچاوەی تووشبوونی، وە خۆمان بپارێزین لەهەر مەترسیەک کە لەدەرەوە بۆمان بێت بۆیە من داوا لەهەموو هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەم لەهەرشوێنێک بن پابەندی بەستنی ماسک بن چ لەشوێنی تایبەتی چ لەشوێنی گشتی، وە بەپێی ئەو ڕێنمایانەی وەزارەتی ناوخۆ دەریکردوون کە پەیوەستە بەهەموو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرحاڵەتێکدا دەکرێت."
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی" پەیوەست بە پارێزگای سلێمانی،وە سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی خۆشەویست دەکەین، وە دڵنیایان دەکەینەوە بەمشێوازەی کە ئێستا هەیە پابەندبن نە کەرەنتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت."