پارێزگاری سلێمانی: لەگەڵ ئەوەدا نین ناوەندەکانی خوێندن دابخرێن و قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێتەوە
25/03/2021
پارێزگاری سلێمانی ههڵوێستی خۆی لهسهر توندكردنهوهی ڕێكاره تهندروستیهكان بۆ ڕوبهڕوبونهوهی كۆرۆنا ئاشكراكرد و ڕایگهیاند: بڕیاره لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا له ڕۆژانی ئایندهدا لەسەر هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی کۆببێتەوە و بڕیار لهو بارهیەوه بدات.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەدا نین ناوەندەکانی خوێندن دابخرێن و قەدەغەی هاتوچۆ رابگەبەندرێتەوە.
وتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین جارێکی دیکە ناوەندەکانی خوێندن دابخرێنەوە و قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین رابگەیەنرێت، بەڵکو پێویستە هاوڵاتیان لەسەر رێکارەکانی خۆپارێزی بەردەوام بن و دەزگا تەندروستییەکانیش ئامادەی چارەسەرکردنی توشبوان بن.
پارێزگاری سلێمانی جەختیکردەوە لەوەی کە حاڵەتەکانی توشبون لە سلێمانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ڤایرۆسەکە بڵاوبونەوەیەکی سروشتی هەیە، وتیشی: زۆربونی حاڵەتەکانی توشبون دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەند رۆژێکە ژمارەی پشکنینەکان زیادکراون.