وەزیری دارایی هەرێم: رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوێکە بهئاڕاستهی چارەسەرکردنی کێشەکان
04/04/2021
وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ رێککەوتنی هەرێم و بەغدا چەند خزمەتێک بە سیاسەتی نەوتی هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسی چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی نەوتی و گرێبەستی کۆمپانیاکان لە بوارەکانی گواستنەوە و تێچونی و کۆمپانیاکانی سکیورتی، دەشڵێت: رێککەوتنەکە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (KNN)، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، باس لە وردەکاری رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەکات و دەڵێت: چیرۆکی بەرهەمهاتنی یاسای بودجە و رێککەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی حەوتی (2019)، واتا لەدوای دەستبەکاربونی ئێمە لە مانگی حەوت شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیری دارایی بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی بەستەڵەکی نێوان هەولێر و بەغدا لەو سەردانەوە دەستی پێکرد.
وتیشی: دواتر ئەو کۆبونەوانە بەردەوامبون تا توانیمان بۆ بودجەی (2020) پڕۆژە یاسایەکی بودجە ئامادە بکەین، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پڕۆژەکە پەکی کەوت، دواتر لە کۆتایی (2020) رێککەوتنێکی سەرەتایی ئەنجامدرا و بوو بە پڕۆژەی هاوبەشی نێوانمان و لە ئەنجامدا ئەو یاسایەی لێ بەرهەمهات.
وەزیری دارایی ئاشکرایدەکات، یاسای بودجە بەتایبەت ماددەی (11) کە پەیوەستە بە بەشی هەرێم، لە روکاردا یاسایەکی دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکی سیاسی یاسایی نەوتی دارایی یە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە هەردولا لە ناوەراستدا پێی قانع بون، ئەوەش دوای دابڕانێکی چەند ساڵی لەنێوان هەرێم و ناوەندا، بۆیە کۆی داخوازییەکانی هەرێمی هەڵنەگرتووە و کۆی داخوازییەکانی ئەوانیشی هەڵنەگرتووە.
باس لەوەشدەکات، لەروی سیاسییەوە ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ئاسایی دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەی لە ناوەڕاست و باشور دەربارەی هەرێم هەبوو کە کورد سەرچاوەی کێشەکانی ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی (کورد و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایی دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.
ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی جەخت لەوە دەکاتەوە، لەروی سیاسیەتی نەوتییەوە ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسی چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی نەوتی و گرێبەستی کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەی نەوت و بە تێچونی نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانی سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان، ئەوەش هەمووی لە بەرژەوەندی شەفافییەتە لە نەوتی هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەی ئەو چاکسازییەی حکومەتی هەرێم دەستی پێکردووە.
لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکەشەوە، وتی:"جێبەجێکردنەکەی پەیوەندی بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلای هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەوە".
.