جێگرى سه‌رۆكی هەرێم: دەبێت ڕۆڵی هه‌رێمى كوردستان لە دیالۆگی ستراتیژيی عێراق ـ ئەمریکادا، بە هەند وەرگیرێت

04/04/2021

مستەفا سەید قادر رایدەگەیەنێت: لە دایالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا دا، دەبێت رۆڵی هەرێمی کوردستان بە هەند وەرگیرێت، دەشڵێت: سەرەڕای تێبینییەکانمان لەسەر بودجەی عێراق بەڵام رێکەوتنەکە باشە و گرنگە جێبەجێبکرێت.

ئەمڕۆ یەک شەممە (4/4/2021) لە هەولێر، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕۆب ووڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا جێگری سەرۆکی هەرێم و کونسوڵی ئەمریکا گفتوگۆیان کرد سەبارەت دۆخی سیاسی و ئابوری و پرسی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و پەسەند کردنی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی ناو هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا .

جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، سەرەڕای تێبینیان لەسەر رێکەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە، بەڵام رێکەوتنەکە باشە و گرنگە جێبەجێ بکرێت.

لە تەوەرێکی تردا، هەردولا بە وردی تیشکیان خستە سەر پرسی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی هەرێم شێوازی یەکخستن و بە دامەزراوەیی کردنی یٔەو هێزانەی ڕوونکردەوە.

هەروەها، دەستپێکردنەوەی دایالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بە ئەرێنی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئاستی دایالۆگەکە فراوان بکرێت و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە گەشەسەندنی ئابوورییەوە بگرێتەوە.

لەکۆتایدا، جێگری سەرۆکی هەرێم باسی لە هەوڵەکان و دەستپێشخەرییەکان کرد بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە هەوڵەکان سەرکەتووبن.


هەواڵی زیاتر