وەزیری کار چەند دۆسیەیەکی وەزارەتەکەی لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم تاوتوێ دەکات
05/04/2021
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پرسی دابینکرنی شوێنی شیاو بۆ چاکسازیەکان، شەڵتەرەکان، سەنتەرەکانی ئۆتیزم، منداڵانی سەرشەقام، لەگەڵ کونسولی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٤/٥ ( کوێستان محمد ) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و شاندی یاوەری لەگەڵ ( ڕۆب واڵەر ) کونسولی گشتی ئەمریکا لە هەرێم، و شاندی یاوەری کۆبویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کار پلانی چەند پرۆژەیەکی خستەڕوو لەوانە، ھۆکارەکانی دروستبوون و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و چۆنیەتی ڕووبەرووبوونەوە و چارەسەرکردنی.
هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە بنیادنانی سەنتەرێک کرا بۆ شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالودەی ماددە ھۆشبەرەکان دەبن، چەندین بابەتی تر پەیوەست بە وەزارەت خرایە ڕوو کە پێویستە زیاتر گرنگی پێبدرێ لەوانە چاکسازیەکان، شەڵتەرەکان، سەنتەرەکانی ئۆتیزم، منداڵانی سەرشەقام بە مەبەستی بنیادنانی شوێنی گونجاوتر و شیاوتر بۆ ئەم چینانەی کۆمەڵگا.
لە بەرامبەردا کونسوڵگەری گشتی سوپاسی خۆیان دەربڕی کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئاستی باڵا سەردانیان کردوون و داواکاریی و پێشنیارەکانیان خستەڕوو بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان بە مەبەستی گەیاندنی زۆرترین خزمەت بە سێکتەرەکانی پەیوەست بە وەزارەت هەروەها ئامادەی خۆیان دەربڕی کە بەپێی پێویستی وەزارەت و توانای دارایی کونسوڵگەری هاوکاری و هەماهەنگ دەبن.