توێژینەوەیەکی نوێ له‌باره‌ی‌ (ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد) بڵاوده‌كرێته‌وه‌

14/04/2021

ژوری‌ توێژینه‌وه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نوێترین توێژینەوە به‌ناونیشانی‌ (ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

توێژینەوەكه‌ ئامادەکردن و نوسینی له‌لایه‌ن "گەیلان عەباس و جەبار ئەحمەد شەمسەدین" كراوه‌، باس له‌و تاوانانه‌ ده‌كات كه‌ لە لایەن رژێمی‌ بەعسەوە دەرهەق بەگەلی کورد ئەنجامدراوه‌.

ئەنفال یەكێكه‌ لە گەورەترین ئەو تاوانانەی، لە لایەن رژێمی‌ بەعسەوە دەرهەق بەگەلی کورد ئەنجامدرا. ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوی رژێمی به‌عس بو، بۆ سڕینه‌وه‌و لەناوبردنی نه‌ته‌وەی كوردو  گشت ئاسەوار و شوێنه‌وارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی و ئابوری و کلتوری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ 23ی‌ شوباتی‌ ساڵی 1988 ده‌ستی پێکردو لە هەشت قۆناغدا، شەش ناوچه‌ی‌ جوگرافیای جیاوازی کوردستانی گرتەوەو تیایدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کوردی کردە قوربانی‌ و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێن کران. پرۆسەی ئەنفال زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەردەوام بو، سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانیش له‌ 6ی‌ ئه‌یلولی‌ 1988 پاش روخاندنی‌ سەرجەم گونده‌كانی‌ كوردستان كۆتایی‌ پێهات.

ئێستا لەدوای تێپەڕبونی 33 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا، هێشتا بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، چاوەڕێی هێنانەوەی روفاتی كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان ‌و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفالن. داواش دەکەن کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی‌ جیهان بە جینۆساید بناسێنێت و وەک کەیسێکی‌ نێودەوڵەتی‌ مامەڵەی‌ لەگەڵدا بکات.



بفەرمون تەواوی توێژینەوەکە بە فایلی پی دی ئێف.

کلیک لێرە بکە



هەواڵی زیاتر