ستەم کامیل: هەموو سیستەمە یاساییەکان جێگەی رێز نین
18/05/2021
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئامانجی دەسەڵات لەگرتنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان ترساندن و بێدەنگکردنی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە، دەشڵێت: هەموو سیسیتەمە یاساییەکان جێگەی رێز نین.
ستەم کامیل جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا تایبەت بە پرسی گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان رایگەیاند، ئامانجی دەسەڵات لە گرتنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان ترساندن و بێدەنگکردنی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەیە، ئەو هەوڵە هەر لە سەرەتاوە بە مردویی لە دایک بوو.
دەشڵێت، تەنها ڕەخنەگرتن لە دادگاکانی هەرێم بەوەی کە سەربەخۆ نین، بەس نیە، بۆ ئەوەی سیستمێکی یاسایی شایەنی ڕێزگرتن بێت، ئەبێت ئەو سیستمە لە کارکردنیدا پارێزەر و جێبەجێکاری جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ بێت، کاتێک سیستمێکی یاسایی دژ بە بنەماکانی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ دەوەستێتەوە، وەک سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، ئەوا نەک شایەنی ڕێز نیە، بەڵکو دەبێت سەرلەبەری هەڵوەشێتەوە.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەشدەکات: هەمو سیستمە یاساییەکان شایەنی ڕێز نین، چونکە زۆرجار دادگا و یاسا خۆیان دەبن بە کەرەستەی ستەمکاری.