دانا عەبدولکەریم: لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى ساڵى (2021) بۆ پڕۆژەى دووسایدى نێوان پارێزگاکان خەرج دەکرێت
23/05/2021
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ زۆربەى پڕۆژەى دووسایدى نێوان شارەکان هى ساڵانى پێشوترن و کارکردن تێیاندا وەستابوو، دەشڵێت: لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى ساڵى (2021) ئەو پڕۆژانە خەرجدەکەن.
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێم رایگەیاند: زۆربەى پڕۆژەى دوسایدى نێوان پارێزگاکان گرێبەستەکانیان هى ساڵانى (2010، 2011 و 2012)ن،کە دەبوو چەند ساڵێک پێشتر تەواو کرابان، بەڵام وەستابوون.
دەشڵێت:لەگەڵ دەستبەکاربونمان هەمو هەوڵێکماندا بۆ دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکان بوو، توانیشمان کارکردن لەو پڕۆژانە دەستپێبکەینەوە و ساڵى رابردوو بەشێک بودجەیان بۆ خەرجکراو ئەمساڵیش بەشێکى دیکەى بودجەى ئەو پڕۆژانە خەرجدەکرێت و لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەیەکى بودجەى پێویستیان بۆ تەرخاندەکرێت.
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە جەخت دەکاتەوە، ئیشکردن لە پڕۆژەکان ناوەستێ و بەردەوامە، رەنگە کەمێک خاو بوبێتەوە، بەڵام لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى ساڵى (2021) بۆ پڕۆژەکان خەرجدەکرێت و هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە لە تەمەنى ئەو کابینەیەدا پڕۆژەکان تەواو ببن.