مستەفا سەید قادر: یەکڕیزی و دەستور تەواوکەری یەکترن

24/05/2021

جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەستور بۆ هەرێمى کوردستان بە پێویستیه‌کی نیشتمانی وەسف دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە دەستور و یەکڕیزى تەواوکەرى یەکترن.

لەمیانى پێشوازی کردنى لە کلێمنس سێمنتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستور بۆ کوردستان پێویستیه‌کی نیشتمانیه‌، یەکڕیزی و دەستور هەردووکیان پێکه‌وه‌ بەستراون و تەواوکەری یەکترن، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و یەکخستنی پێشمەرگە و جێبەجێ کردنی چاکسازی دەبێتە مایەی جێبەجێ کردنى دەستوور و پابەندبوون پێوەی.

بەپێى راگەیەنراوێکى نوسینگەى جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەو‌ دیدارەدا بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی وهاوپەیمانی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان لەهەرێمی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی ئامادەکردنی دەستور و پرۆژەکانی گەشەپێدان بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و کەرتەکانی تەندروستی و پەروردە و ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان و پرسەکانی پەیوەندیدار بە دۆخ و بنەماکانی دیموکراسی و ئازادییه‌کانه‌وه‌، تاوتوێ کران.

لە بەشێکى دیکەى ئەو دیدارەدا مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازی و چەک و لۆجستی و کەرتەکانی تەندروستی و ئاو و پەنابەراندا بەرز نرخاند و داوای کرد ڕۆڵیان لە یەکخستنەوەی پێشمەرگەداهه‌بێت و هانی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بدەن بێنە کوردستان و لە پرۆسه‌ی گەشەپێدانی ژێرخان و بوژانەوه‌دا بەشدار بن.


هەواڵی زیاتر