بەکر بایز: زێى بچوک کۆتایى هاتووە

30/05/2021

قائیمقامى قەزاى پشدەر رایدەگەیەنێت؛ لە هەرێمى کوردستان کێشەى کەمى ئاومان نیە، بەڵکو کێشەى ئیدارەدانى ئاومان هەیە، دەشڵێت: ساڵانە ئەو بودجەیەى بۆ وشکەساڵى خەرجدەکرێت ئەگەر بۆ دروستکردنى بەنداو و گلدنەوەى ئاو خەرجبکرایە، ئێستا کێشەى ئاومان نەدەبوو.

بەکر بایز، قائیمقامى قەزاى پشدەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەى (گفتوگۆى هەفتە) کە لە رادیۆى دەنگى گۆڕانەوە پێشکەشدەکرێت رایگەیاند: لەئێستادا ئاسایشى ئاو، گرنگییەکى زۆرى پەیداکردووە، چونکە ئاسایشى ئاو پەیوەستە بە ئاسایشى خۆراک و لەوێشەوە پەیوەستە بە ئاسایشى دەوڵەت، هەر بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەى ئاسایشى ئاویان مسۆگەرکردووە ئاسایشى خۆراک و ئاسایشى دەوڵەتیشیان تاڕادەیەک مسۆگەر کردووە.

دەشڵێت: ساڵانە سەروى (40) ملیار مەتر سێجا لە هەرێمى کوردستان باران دەبارێت، بەڵام پێداویستى ئێمە لەڕوى ئاوى خواردنەوە و کشتۆکاڵ و پێداویستى زیندەوەرى ئاوى ناگاتە (10) ملیار مەتر سێگۆشە، ئەوەى تر بەفێرۆ دەچێت. بۆیە لە هەرێمى کوردستان کێشەى ئاومان نیە، کێشەى پاکى و بڕى ئاومان نیە، بەڵکو کێشەى ئیدارەدانى ئاومان هەیە.

بەکر بایز باسى لەوەشکرد، ئاستى وشیارى سیاسى ئەوانەى ئیدارەى ئاو دەکەن لە هەرێم، لە ئاستى بەرپرسیارێتیدانین و نەیانتوانیوە کۆى ئەو مەترسیانەى لەسەر ئاو هەیە بکەن بە بەرنامەیەکى ستراتیژى و چارەسەرى ئەو پرسەى پێبکەن و لە مەترسى ئاسایشى ئاو و منەت و چاوەڕوانى وڵاتانى دراوسێ کە سەرچاوەى ئاوى ئێمەیان لێوە دێت رزگارمان بکەن.

لەبارەى ئاوى زێى بچوکەوە کە دەروازەى زێیەکە لە پشدەرەوە دەستپێدەکات، بەکر بایز وتى:" شتێک نەماوە بەناوى زێى بچوکەوە، دەتوانین بڵێین زێى بچوک کۆتایى هاتووە، چونکە ساڵى رابردوو کە پێواومانە لە وەرزى هاویندا تەنها (یەک مەتر و نیو سێگۆشە) لە سانیەیەکدا ئاو هاتۆتە ناو زێى بچوکەوە، ئەمساڵ کە باران بارین کەمبۆتەوە ئەو پێوانەیەش کەمبۆتەوە کە ئەمەش ئاستى ئاوى زێیەک نیە.

قائیمقامى قەزاى پشدەرى ئاشکرایدەکات، کەمبونەوەى ئاستى ئاوى زێى بچوک سێ مەترسى لەسەر پشدەر دروستکردووە کە ئەمانەن:
یەکەم/ مەترسى لەسەر ئاستى مرۆیى: پڕۆژەى ئاوى خاس کە (95%)ى، ئاوى ماڵانى قەڵادزێ دابین دەکات و ئاوەکەى لە زێى بچوکەوە وەردەگرێت، کاتى دروستکردنى پڕۆژەکەش بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە ئاستى ئاوى زێى بچوک زۆر بووە، بەڵام ئێستا بەهۆى دابەزینى ئاستى ئاوەکە کێشەمان بۆ دروستبووە و دەبێت لەکاتى کەمبونى ئاستى ئاوى زێى بچوک بەربەست دروست بکەین بۆ دابینکردنى ئاو بۆناو پڕۆژەى ئاوى خاس، کاتێکیش ئاستى ئاوەکە بەرز دەبێتەوە بەربەستەکە دەڕوخێنێت، ئەوەش کێشەیەکە کە ئێمە دەبێت بەبەردەوامى پارەى بۆ دابینبکەین.

دووەم/ مەترسى لەسەر ئاستى کشتوکاڵى:  لەبەر ئەوەى لەمبەر و ئەوبەرى زێى بچوک لە سنورى پشدەر و بەشیکى بیتوێنیش کشتوکاڵ دەکرێت، لەکاتى دابەزینى ئاستى ئاوى زێیەکە جوتیارەکان ناتوانن سودى لێببینن و بەناچارى بیر هەڵدەکەنن ئەوەش تێچویەکى زۆرى ماددى لەسەر دروستکردوون.

سێیەم/ مەترسى لەسەر ئاستى ژینگەى ئاوى: لەکاتى دابەزین ئاستى ئاوەکە و گرتنەوەى ژمارەیەکى زۆر زیندەوەرى ئاوى لەناو دەچن، ئەوەش کاریگەرى لەسەر کەمبونەوەى زیندەوەرە ئاوییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کەمبونەوە و قڕکردنى سامانى ماسى.

بەکر بایز ئاماژە بەوە دەکات، دیراسەیان کردووە لە سنورى پشدەر زیاتر لە (25) شوێن هەیە، بە کولفەى کەم دەتوانێت ئاوێکى زۆر گلبداتەوە،  بەتایبەت دوو شوێن هەیە بۆ دروستکردنى بەنداو لە (دەڵگە و بەلک)، کە ئەم دوو شوێنە ئەگەر بەنداویان لەسەر دروستبکرێت دەتوانێت بەشێکى زۆرى ئاسایشى ئاو لە سنورى ئیدارەى راپەڕین و بەتایبەتیش پشدەر دابینبکات.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو پارەیەى ساڵانە لە وشکەساڵیدا خەرجدەکرێت، ئەگەر بە بەرنامەیەکى زانستى لە بوارى پاراستنى ئاودا خەرجبکرایە ئێستا هەرێم توشى ئەو گرفتانە نەدەبوو کە لە کەمى ئاودا بۆى دروستبووە. بەڵام سیاسەتى ئاو لەهەرێم بەشێوەیەک بووە ئەمڕۆیان بە بەیانى سپاردووە و بەیانیان بە دوو بەیانى سپاردووە و ئەمساڵیان بە ساڵى داهاتوو سپاردووە، ئیدى ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە هیچ پڕۆژە و خەمێکى ستراتیژێکى نەبووە بۆ ئاسایشى ئاو.


هەواڵی زیاتر