وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە: رێژەی (78٪)ی پڕۆژەی رێگای (دەربەندیخان - باوەخۆشێن) تەواو کراوە
02/06/2021
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت؛ بە فەرمانى دانا عەبدولکەریم بە گوژمەى نزیکەى (500) ملیۆن دینار، پڕۆژەى رێگاى (دەربەندیخان - باوەخۆشێن) نزیکە لە تەواو بوون.
لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێم رایگەیاند: لە چوارچێوەی پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کارکردن لە پڕۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی رێگای (دەربەندیخان - باوەخۆشێن) بەردەوامە.
دەشڵێت: لە ماوەی رابردودا بە فەرمانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکرد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی سلێمانیەوە بە شێوازی راستەوخۆ جێبەجێێدەكرێت، بە درێژی (4)كم و بە گوژمەی (498) ملیۆن دینار كە بودجەکەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنەوە بۆ دابینكراوە، رێژەی کاری ئەنجامدراویش لەئێستادا گەیشتوەتە (78%).
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە باسیلەوە کردووە، پڕۆژەکە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە بو کە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە رابردودا بەھاوڵاتیان و خەڵکی سنورەکەی دابو، لەچوارچێوەی سەردانی مەیدانی بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی وەزارەت لە سنورەکە.
پڕۆژەکە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، ئەوانیش:
ریشەکێشكردنی ئەو بەشانەی رێگاكە كە تێكچون، لەگەڵ فەرشكردنی چینێك قیری ستابلایزەر بە ئەستوری (10) سم و فەرشكردنی چینێك قیری بایندەر بە ئەستوری (6)سم بۆ گشت رێگاكە بە درێژی (4)كم، لەگەڵ سەرلەنوێ چاككردنەوەی شانی رێگاكەو فەرشكردنی تێكەڵەی جۆری (B) بە ئەستوری (16)سم، دروستكردنی جۆگەی لاتەنیشت بۆ هەردولای رێگاكە.
رێگای (دەربەندیخان – باوەخۆشێن)، ناوچەی قەرەداغ و ناحیەی باوەخۆشێن و ناحیەی سێوسێنان و گوندەكانی سنورەكە بە دەربەندیخانەوە دەبەستێتەوەو لە ھەر حاڵەتێکی داخستنی تونێلی دەربەندیخانیشدا، دەبێتە رێگای سەرەكی هاتوچۆی ناوچەی گەرمیان و دەربەندیخان لەگەڵ شاری سلێمانی.