وه‌زیری‌ دارایی‌ هه‌رێم ئاماده‌یی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ هیوا

19/06/2021



وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی کە تایبەتن بە چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە کۆدەبێتەوە و ئامادەیی بۆ چارەسەری گرفتەکان دەردەبڕێت، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر دەکرێت.
 
ماوەی هەفتەیەکە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، داوا دەکەن شایستە داراییەکانی شەش مانگی رابردویان کە پارەی (لە بری نۆرینگە)یە بۆ خەرج بکرێت، لەهەمانکاتدا توشبوانی شێرپەنجە چاوەڕێی دابینکردنی دەرمانی چارەسەرن کە بەپێی بڕیارێک لە ئێستادا تەنها (2٪)ی پارەی کڕینی دەرمان بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.
 
رۆژی سێشەممەی رابردو، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەی نانەکەلی کۆبوەتەوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەری گرفتەکان و رەزامەندیداوە بە خەرجکردنی پارەی (لەبری نۆرینگە) بۆ پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا.

بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە گرفتی نەخۆشخانەی هیوا بە تەواوی چارەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی هەرێم هەمو ئامادەییەکی بۆ چارەسەری گرفتەکە دەربڕیوە و بڕیاریشە کۆبونەوەی هەریەک لە وەزیری تەندروستی‌ و وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم و بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدرێت.

هاوکات د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەی هیوا یان فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت دورە لە راستییەوە و نەخۆشخانەی هیوا و سەرجەم سەنتەرە شێرپەنجەییەکان لە هەرێم بەتەواوی پاڵپشتییان دەکەین و چەندین پڕۆژەیان بۆ دروستدەکرێت.

دەشڵێت: هاوڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەمو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیا دەکەینەوە کە بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (لەبری نۆرینگە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو؛ چارەسەر دەکرێت.


هەواڵی زیاتر