برزۆ مەجید: پێویستە حکومەتی‌ هەرێم (200) ملیار دینارەکەی‌ بەغدا بۆ لابردنی‌ لێبڕینی‌ موچە بەکاربهێنێت

14/07/2021


بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە کۆبونەوەی‌ لەگەڵ شاندی‌ باڵیۆزخانەی‌ بەریتانیا، داوا دەکات کێشەی خاک و بودجە و موچە لەگەڵ عێراقدا لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێن و ناردنی بودجەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوام بێت، برزۆ مەجید ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەکەش دەڵێت: ئەو (200) ملیار دینارەی بەغدا رەوانەی‌ هەرێمی‌ دەکات، پێویستە حکومەتی هەرێم بۆ لابردنی لێبڕینی موچە بەکاریبهێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/7/2021) شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا بە سەرۆکایەتی جەیمس دۆنەر جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەردانی مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری هەولێر و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

برزۆ مەجید ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەبارەی‌ کۆبونەوەکەوە رایگەیاند، سەبارەت بە رێککەوتنی‌ هەرێم و بەغدا داوامان کردوە کێشەی خاک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و بودجە و موچە لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێن و ناردنی بودجەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوام بێت و حکومەتی هەرێمیش ئەو (200) ملیار دینارەی بەغدا بۆ لابردنی لێبڕینی موچە بەکاربهێنێت.

هاوکات بارودۆخی عێراق و  هەڵبژاردن و چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردن ئارامی و سەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت.

شاندەکەی‌ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، لەلایەن برزۆ مەجید ئەندامی خانەی راپەڕاندن و هێمن شێخانی و دلێر حسێن ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازیان لێکرا.

هاوپەیمانی کوردستان لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو، شاندی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەبەغدا بەگرنگیەوە باسیان لە هاوپەیمانێتیەکە کرد.


هەواڵی زیاتر