بۆ دیزاینکردنی هێڵی شەمەندەفەر وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانى ئەڵمانیا دەکات
14/07/2021
بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیزاینکردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى شاندێک سەردانى ئەڵمانیا دەکات.
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان، لەسەردانێکی فەرمیدا شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە سەرۆکایەتی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گەیشتنە وڵاتی ئەڵمانیا.
بەپێى راگەیەنراوەکەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای (deutsche bahn )ی ئەڵمانی کۆدەبێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیزاینکردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کودستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتریش وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاندبوو؛ ئەو بەرنامەیەی لە چوارچێوەی کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ چوار ساڵی تەمەنی خۆی لە کابینەی نۆیەمدا دانراوە، بەو ئاراستەیەیە کە پڕۆژەی هێڵی ئاسن بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو روەشەوە هەنگاوی گرنگ نراوە.