گەندەڵى لە عێراق و هەرێمى کوردستان

24/07/2021

گەندەڵى لە عێراق و هەرێمى کوردستان (پێناس و فۆڕم و شێواز، لێکەوتەو چارەسەر)، نوێترین توێژینەوەی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە و باس لە پرسى گەندەڵى و کاریگەرییەکانى دەکات لە عێراق و هەرێمى کوردستان.

لە توێژینەوەکەدا کە (گەیلان عەباس) ئامادەی کردوە، باس لە چەمکى گەندەڵى دەکات کە لە زمانى کوردیدا لە دەستەواژەى گەنەوە وەرگیراوە، گەنە جۆرێکە لە مشەخۆر کە لەسەر جەستەى ئاژەڵ دەژیت و خوێنیان دەمژێت. مانەوەشى لەسەر جەستەى ئاژەڵەکە لە دواجاردا ئاژەڵەکە توشى لاوازى و نەخۆشى دەکات.

هەروەک ئەوەشخراوەتەڕو، لەجیهاندا ساڵانە یەک ترلیۆن دۆلارى ئەمەریکى وەک بەرتیل دەدرێت بە کاربەدەستان و جگە لەوەش ساڵانە (2.6) ترلیۆن دۆلارى لەرێگەى گەندەڵیەوە دەدزرێت. کە یەکسانە بە بەهاى (5%)ى کۆى داهاتى جیهان.

جگە لە باسکردنى پێناسە و فۆڕمەکانى گەندەڵى و گەندەڵى لە عێراق، بەشى سێیەمى توێژینەوەکە تایبەتە بە گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا، ئاماژەى بەوەکردووە، گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان دیاردەیەکى نوێ نیە، بەڵکو لەدواى راپەڕینى ساڵى (1991)ەوە، وەک دیاردەیەک دەستپێدەکات. بەدیاریکراویش یەکەمین هەنگاوى گەندەڵی لە ساختەکاریکردن لەیەکەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانى خولى یەکەمى پەرلەمانى کوردستان دەستپێدەکات، دواتر لەگەڵ پێکهێنانى یەکەمین کابینەى حکومەتى هەرێم لە ساڵى (1992) دیاردەکە تەشەنە دەسەنێت و تائێستاش بەردەوامە.

لە توێژینەوەکەدا ئەوە رونکراوەتەوە، سەرەتاى بەئاشکرا دەرکەوتنى گەندەڵى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەى کە حزبە سیاسییەکان بەتایبەت (یەکێتى و پارتى) رێککەوتن لەسەر دابەشکردنى داهاتەکانى کوردستان لە نێوان خۆیاندا، لە نمونەى داهاتى خاڵە سنورییەکان و هاوکارییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ هاوڵاتیانى هەرێم. ئەمەش سەرەتاى بەکارهێنانى داهاتى گشتى بوو بۆ بەرژەوەندى حزبى و تایبەتى. دواتریش پڕۆسەکە سەردەکێشێ بۆ گەندەڵى لە بوارى دامەزراندنى بەڵێشاوى خەڵک و دەستبەسەراگرتنى موڵک و ماڵى گشتى و گەندەڵى لە بودجە. لە دواى قۆناغى دەرهێنان و فڕۆشتنى نەوتی هەرێمیش گەندەڵیەکە دەگاتە ئاستى لوتکە بەتایبەت گەندەڵى لە گرێبەستە نەوتییەکان و گواستنەوەى نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان و هەرزانفڕۆشکردنى نەوتى هەرێم.

هەر لە توێژینەوەکەدا، گەندەڵى لەبوارى قاچاخچێتى لە خاڵە سنورییەکان و سپیکردنەوەى پارە و گەندەڵى کارگێرى و فەرمانبەرى بندیوار و موچەى پلە تایبەتەکان و بەیاساکردنى گەندەڵى و خراونەتەڕوو.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە کلیک بکە...
کلیک لێرە بکە


هەواڵی زیاتر