وەزیری ئاوەدانکردنەوە: کارکردن لەسەرجەم قۆناغەکانى رێگای دوسایدی (دوکان – چوارقوڕنە) بەردەوامە
26/07/2021
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ رێگای دوسایدی (دوکان -
چوارقوڕنە) پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و کارکردن لەسەرجەم قۆناغەکانیدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ دوشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواى
بەسەرکردنەوەى پڕۆژەی رێگای دوسایدی (دوکان – چوارقوڕنە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا،
رایگەیاند؛ رێگای دوسایدی (دوکان-چوارقوڕنە) پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لەئێستادا لەسەرجەم
قۆناغەکاندا کارکردن تیایدا بەردەوامە، و رێژەی ئەنجامدراو گەیشتوەتە (٤٥٪) و تێچوی
پڕۆژەکەش بە کۆی گشتی (٥٣) ملیار دینارە.
وتیشى: "ھیوادارین لەگەڵ باشبونی بارودۆخی دارایی، پڕۆژەکە توشی ھیچ کەموکوڕییەک
لە بودجە نەبێتەوە و تا ساڵی داھاتو تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە".
ئاماژەى بەوەشکرد لە ئایندەیەکی نزیکدا و پێش کۆتایی وەرزی ھاوین قۆناغی سێیەمی
رێگاکە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی (دوکان-چوارقوڕنە/قۆناغی دوەم)، پێکھاتوە
لە رێگایەکی دوساید بە درێژی (٢٥کم)، کە بڕی (٥٣) ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوەو رێژەی
کاری ئەنجامدراو لە ئێستادا گەیشتوەتە ٤٥٪.