وەزیرى دارایى زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ فەرمانگە و بانکەکانى سلێمانى ئەنجام دەدات

02/08/2021


وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێم بە مەبەستى رێکخستنەوەى رێکارە گومرگى و داراییەکان لەگەڵ دادگاى گومرگ و بەشى چاودێرى و پشکنینى دارایى سلێمانى و بانکى هەرێم کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە (2/8/2021)، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئامادەبونى یاسین عەبدولواحید بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەت، لە نوسینگەى خۆى لە سلێمانى لەگەڵ حاکم ئەحمەد حاجى و ستافى دادگاى گومرگى سلێمانى کۆبوەوە و لەگەل بەرزنرخاندنى کارەکانى دادگاى گومرگ داوای کردن دادگاکەیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا سەربەخۆ بێت بۆئەوەى بەشێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵە لەگەل هاوڵاتیان و سەرجەم کەیسەکاندا بکات و دوپاتیشى کردەوە ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتى دادگاى گومرگى درێغى نەکات لە هاوکاریکردنیان.

دواتر وەزیرى دارایى و ئابورى لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوى بەشەکانى فەرمانگەى باجى خانوبەرەى میرى و بەشى چاودێرى و پشکنینى دارایى سلێمانى کۆبوەوە و داوایکرد هەوڵى زیادکردنى داهات بدەن و چاودێرى ورد بن، لەپێناو زیادکردنى داهات لە هەرێمى کوردستان و رێگرى لە گەندەڵى و بەهەدەردان.

هەر ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات جەناب نورى بە یاوەرى بەڕێوەبەرى دیوان و ستافى وەزارەت سەردانى بانکى ناوەندیى هەرێمى کرد و لە کۆبونەوەیەکى بەرفراواندا لەگەڵ بەڕێوەبەرى بانکەکان، داواکارییەکانی بانکەکان وەرگیرا بۆئەوەى کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکرێن.

ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژى یەکشەممەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابورى بە مەبەستى پاڵپشتى دارایى و رێکخستنەوە و زیادکردنى داهات سەردانى سلێمانى کردوە و بڕیارە سەردان و کۆبونەوەکانیشى لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بێت.


هەواڵی زیاتر