ئاوات شێخ جەناب: ئەوەى بڕوامان پێیەتى و بۆى هاتوینەتە حکومەت جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکسازییە
07/08/2021
وەزیرى دارایى ئاشکراى
دەکات؛ لە رێگاى ئەو رێکارانەى لە دو ساڵى رابردودا گرتویانەتەبەر داهاتى ناوخۆیان
زیاد کردوە و یاساى چاکسازیش رۆڵى گەورەى دەبێت بەشێوەیەک "یاساى چاکسازیى بە
ماناى هەمو چاکسازیى نایەت، بەڵام بەشێکى گرنگیەتى و سودى زۆرى بۆ خەڵک دەبێت،
بۆنمونە تەنها لە وەزارەتى دارایی و تەنها بە راستکردنەوەى ئەو پلە زیادانەى بە
ناشایستە دراون مانگانە 170 ملیۆن دینار بۆ بودجەى گشتى دەگەڕێتەوە".
ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى
دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (کەى ئێن ئێن) چەندین
زانیارى گرنگ لەسەر پرسى چاکسازى و هەوڵەکانى وەزارەتەکەى بۆ زیادکردنى داهات و دابینکردنى
موچەى تەواوەتى فەرمانبەران ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هەمو هەوڵێکى وەزارەتى دارایى و
حکومەت بۆئەوەیە موچەى تەواو دابەش بکرێت، بۆئەوەش رێکارەکانى زیادکردنى داهاتى
ناوخۆ و یاساى چاکسازى بەردەوامە، پەیوەست بە خانەنشینى پلە تایبەتەکان فۆرمێکمان
ئامادەکردبو بەداخەوە زانیارییەکان بە باشى نەگەڕێنراوەتەوە، بۆیە بۆ مانگى ئاب
ئاگادارمان کردون هەر یەکێک لەو بەڕێزانە ئەگەر زانیارییەکان بەتەواوەتى نەنێرێتەوە،
بە داواى لێبورنەوە موچەکەى رادەگیرێت".
دەشڵێت: شانازى دەکەین لەسەر
دەستى ئێمە و بە پشتیوانى ئەنجومەنى وەزیران و هاوکارى وەزارەتەکانى دیکە داهاتى
ناوخۆ زیاد کردوە، ئێمە چاکسازى لە شتێکدا دەکەین کە ئێمە هۆکارى نین و هى پێش
ئیمە، ئێمە لە وەزارەتى دارایی ئەرک و و واجمان هەیە کە جێبەجێى دەکەین و هیچ
شتێکمان نییە شەرمى لێ بکەین تا بیشارینەوە، من چ وەک وەزیرى دارایى و حکومەت چ
وەک
گۆڕان بڕوام بە
شەفافیەتە، ئەوەش کە بڕوامان پێیەتى و بۆى هاتوینەتە حکومەت ئەوەیە بەرنامەى
چاکسازى جێبەجیبکەین.
شایستەى
دارایى هەرێم و موچە
وەزیرى دارایى و ئابورى
ئاماژە بەوە دەکات کە لەم دۆخەدا دابینکردنى موچەى تەواوەتى پەیوەستە بە
رەوانەکردنى شایستەى دارایى هەرێم لە بەغداوە، "چونکە پێویستمان بەو بەشە
بودجەیە هەیە کە مافى دەستورى و یاسایى خۆمانە، کە شایستەى خۆمانە لە عێراق و دەبو
لەو پارەیە زیاتر بوایە کە ئەم مانگە نێردراوە، بەڵام توانیویشمانە داهاتى ناوخۆ
زیاد بکەین".
هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە
لەسەرەتاى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمەوە لە مانگى تەموزى (2019)ەوە دەستیان کردوە
بە سیاسەتێک کە داهاتى ناوخۆ بگەیەننە ئاستێک پێداویستیەکانى ناوخۆ بەتایبەت بتوانن
موچەى پێ دابین بکەن، "ئەوەشمان کرد و بە رێژەیەکى بەرچاو داهاتمان زیاد کرد،
بەڵام لە سەرەتاى 2020 لەگەڵ هاتنى پەتاى کۆرۆنادا دوبارە داهات بەرەو خراپى رۆیشت
کە هەندێک رۆژ داهاتى ناوخۆ و نەوتمان بۆ سفر دابەزى، بەڵام وردە وردە دەستمان
پێکردەوە، داهاتى نەوتمان بەهۆى هەندێک گۆڕانکارى زیاترکرد، داهاتى ناوخۆى
دوانەوتیشمان دوبارە پەرەمان پێدایەوە، ئومێدیشمان وایە ناردنى بەشە بودجەى
بەغداوە بەردەوام بێت، بۆئەوەى ئێمەش بەردەوامین لە دابەشکردنى موچە بەبێ لێبڕین".
یاساى چاکسازى و گەڕانەوەى
داهات بۆ حکومەت
لەبارەى یاساى چاکسازیى لە
موچە و ئیمتیازات و خانەنشینى و دواین هەنگاوەکانیەوە، ئاوات جەناب نورى دەڵێت: یاساى
چاکسازیى بە ماناى هەمو چاکسازیى نایەت، بەڵام بەشێکى گرنگیەتى و دەبێت بزانین زۆرترین
سود بۆ خەڵک و هەرێمى کوردستانى دەبێت و ئومێدم وایە لە چەند مانگى داهاتودا بگاتە
ئەنجام، ئێستا یاساى چاکسازى لە هەمو ئاستەکان لە خانەنشینى و پلە تایبەت و
میلاکات و ئەوانەى پلەى زیادى ناشایستەیان وەرگرتوە بەردەوامە، لە میلاکات ئەو
چاکسازییە لە کۆتاییدایە بۆنمونە لە وەزارەتى دارایی تەنها بە راستکردنەوەى ئەو
پلە زیادانەى بە ناشایستە دراون مانگانە (170) ملیۆن دینار بۆ بودجەى گشتى
دەگەڕێتەوە".
باس لەوەش دەکات کە لە
بوارى خانەنشینیشدا پێداچونەوە بە سەرجەم دۆسیەکاندا دەکرێت بەتایبەت خانەنشینى
پلە تایبەت، رونى دەکاتەوە؛ بۆ ئەوەش فۆرمێکمان ئامادەکردبو بۆ هەرسێ ئاستەکەى
خانەنشینى، بەداخەوە زانیارییەکان لەخانەنشینى پلە تایبەتەکان بە باشى
نەگەڕێنراوەتەوە، بۆیە بۆ مانگى ئاب ئاگادارمان کردون هەر یەکێک لەو بەڕێزانە
ئەگەر زانیارى بەتەواوەتى نەنێردرێت ئەوا بە داواى لێبورنەوە موچەکەى رادەگیرێت.
دەشڵێت: "بەداخەوە
بەشێکى زۆرى ئەو زیادەڕەویانەى کراوەتە سەر وەززیفەى گشتى، بە یاسا کراوە، چونکە
هەر کەسێک لەوانە لە پلە تایبەت یان خانەنشینى یان فەرمانبەر هەر دۆسیەیەکیان کەیسێکى
جیاوازە کە هیچ کامیان لە یەکێکى دیکە ناچێت، واتە ئەبێ پێداچونەوە بۆ دۆسیەى یەک
ملیۆن و (250) هەزار موچە خۆر بکرێ کە دەشێت هەندێکیان دوبارەبونەوە هەیە وەک
پێشتر ئێمە زیاتر لە (10) هەزار دو موچەییمان راگرت".
چارەنوسى لێبڕین و
پاشکەوت
سەبارەت بە چارەنوسى ئەو
بڕە پارەیەى موچەى موچەخۆران کە لە لێبڕین و پاشەکەوتى موچە پێیان نەدراوە، وەزیرى
دارایى و ئابورى وتى: پێشتر وەک ئەمانەت مامەڵەى لەگەڵ کراوە کە ئەمانەت لە (10)
ساڵدا دەبێتە موڵکى حکومەت، بەڵام لەم کابینەیەدا ئەو دۆخە، تابعێکى قانونیمان پێداوە
و کردومانە بە کرێى شایستەى نەدراو، ئەو پارەیە ژمارەیەکى یەکجار گەورەیە، بەڵام ئێستا
حکومەت وەک قەرز سەیرى دەکات و لە ئەستۆى حکومەتە".
وەک وەزارەتى دارایى
هەنگاوەکانى بودجە لە 2020ەوە مامەڵەمان لەگەڵ کردوە و دەستمان پێکردوە لە
کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیەکان و وەزارەتەکان و چاودێرى دارایى، بەڵام یەکێک لەو
کارانەى ئێمەى خاو کردوەتەوە چاوەڕوانى ئەنجامى رێککەوتن بوە لەگەڵ حکومەتى عێراقى
فیدراڵ، لە مانگى شەشى ئەمساڵەوە پڕۆژەکە لاى ئێمە کۆتایى هاتوە و ناردمان بۆ
ەئنجومەنى وەزیران لەوێش پێداچونەوەى پێدا دەکرێت، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانەى
ئێمەى خاو کردوەتەوە ئەوەبو کە دەبو لە مانگى یەکى ئەمساڵەوە شایستەى هەرێم لە
بەغداوە بنێردرایە، بەڵام لە مانگى حەوتدا هاتوە.
گومرگ و باج لەسەر کێ
زیادکراوە؟
وەزیرى دارایى باس لە
هەوڵەکانیان دەکات بۆ رێکخستنەوەى باج و گومرگ و ئاشکراى دەکات کە لە سەرەتاى دەستبەکاربونى
کابینەى نۆى حکومەتەوە دەستى پێکردوە و "هەندێک مۆنۆپۆڵمان نەهێشتوە و هەندێک
رێکار نەماوە و لێخۆشبونى گومرگیمان تەقریبەن نەهێشتوە، قاچاخچێتى لە خاڵە
سنوریەکان تاڕادەیەکى باش کەم کراوەتەوە، بەشێوەیەکى گشتى داهاتى گومرگمان تا
ڕادەیەکى باش زیادى کردبو تا ئەم دو مانگەى کۆتایى، ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە بەجدى
کار لەسەر داهاتى ناوخۆ و نانەوتى زیاد بکەین".
ئاوات جەناب نورى، دەشڵێت: لە پرسى باجیدا تەرکیزمان لەسەر کۆمپانیاى گەورە و بوارى
نەوت و ئینتەرنێتە نەک موچەخۆران، هاوکات رێوشوێنى وەرگرتنى باجمان
رێکخستوەتەوە نەک زیادى بکەین، بەڵام ئەو رێکخستنەوەیە دەبێتە هۆى زیادبونى داهات
کە سود و قازانجەکەى بۆ خەڵکە، بۆیە رێگر دەبین لە خۆدزینەوەیە لە باج، ئەم
سەردانەشمان بۆ سلێمانى بۆ باشکردنى رێوشوێنى باج و گومرگەکانە بۆیە هەڕەشەى بڕینى
بودجە لە بەغداوە کەمترین کاریگەرى لەسەر هەرێم و موچەخۆران هەبێت."
وەزیرى دارایى و ئابورى
رونى دەکاتەوە کە زیادبونى داهاتى گومرگ و باجەکان پێویستى بەو رێکارانە هەیە کە
کردویانە و دەڵێت: بۆنمونە لەم دو ساڵەدا (150) کۆمپانیامان داوە بە دادگا، دواى
ئەوە سەدان کۆمپانیا خۆیان هاتون بۆ دانى باج لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئاسانکاریمان بۆ
کردون، چونکە خۆدزینەوەى کۆمپانیاکان لە باج کاریگەرى هەبوە لەسەر کەمبونەوەى داهاتى
ناوخۆ".
هەروەک ئاشکراى دەکات
جگە لە گرنگى بەردەوامیى شایستەى دارایى هەرێم لە بەغداوە؛ گەرەنتى ئەوەى
نەگەڕێینەوە بۆ لێبڕینى موچە زیادکردنى داهاتى ناوخۆیە، لە رێگەى داهاتى ناوخۆ و
باش راپەڕاندنى کارەکان و چاکسازییەوە، "چونکە بەپێى ئەو پارەیەى لەبەردەستمانە
موچە دەدەین ئەگەر بەشى کۆى موچە بکات بەدڵنیاییەوە موچە بە تەواوەتى دەدەین".
لەبارەى چاکسازى و پەیڕەوکردنى
شەفافیەت، دەڵێت: شانازى دەکەین لەسەر دەستى ئێمە و بە پشتیوانى ئەنجومەنى وەزیران
و هاوکارى وەزارەتەکانى دیکە داهاتى ناوخۆ زیاد کردوە، ئێمە چاکسازى لە شتێکدا
دەکەین کە ئێمە هۆکارى نین و هى پێش ئیمە، ئەوەى واجبى وەزارەتى داراییە ئەوەیە کە
جێبەجێى دەکات نە لە ئەرکى خۆشى شەرم دەکات، ئێمە لە وەزارەت هیچ شتێکمان نییە
شەرمى لێ بکەین تا بیشارینەوە، ئەگەر حکومەتیش نەبێت من وەک گۆڕان بڕوام بە
شەفافیەتە، ئێمەش نیەتى خراپمان نییە و بە ئیلتیزامى ئەخلاقى و وەزیفى نایشارینەوە،
لە ئەنجومەنى وەزیرانیش شتێکى وامان نەبیستوە".
ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت:
ئەوەى بڕوامان پێیەتى و بۆى هاتوینەتە حکومەت ئەوەیە بەرنامەى چاکسازى جێبەجێبکەین،
هەر کەسێک پشتگیرمان دەکات سوپاسى دەکەین.