جێگرى پارێزگار: هەڵەبجە پێویستى بە بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوری و پڕۆژەى ستراتیژییە

09/08/2021


جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە رایدەگەیەنێت؛ ئەوەى تائیستا بۆ هەڵەبجە کراوە لەسەرجەم بوارەکاندا لە ئاستى چاوەڕوانى هەڵەبجەییەکان و قوربانیدانى ئەو پارێزگایە نەبوە، پێویستە هەڵەبجە لە روى پڕۆژەى ستراتیژیەوە گرنگى پێبدرێت و ببوژێنرێتەوە.
دواى ئەوەى شاهین حەمەڕەزا لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕان پۆستى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەى وەرگرت، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سایتى فەرمى (گۆڕان) ئامانج و پلانى خۆى و بزوتنەوەکە و هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنى زیاترى شارەکە و خەڵکەکەى دەخاتەڕو.


دەقى دیمانەکە:
* هەڵەبجە سیمبولى قوربانیدان و خەباتى گەلى کوردە و تەنانەت مێژویەکى گەورەى لە روى کارگێڕى و ئەدەبیشەوە هەیە، بەڵام نابینرێت پاداشتى ئەو مێژوە پرشنگدارەى درابێتەوە، هۆکارەکەى چییە بە تێڕوانینى ئێوە؟
شاهێن حەمەڕەزا: هەڵەبجە شارێک بوە هەمیشە پێشەنگ بوە، بەڵام لە تەمەنیدا بە کۆمەڵێک ناخۆشى تێپەڕیوە.
خاوەنى مێژویەکى جوانە بۆ کوردستان و عێراقیش بۆیە دەبو بەگرنگییەوە سەیرى بکرایە و پڕۆژەى بۆ بکرایە و خزمەتى زیاتر بکرایە بەتایبەت لە دواى تاوانى کیمیاباران کە بەهۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار هاوڵاتى شەهید بون و شارەکە کرایە وێرانە.
لەدواى ساڵى (1991) و تەنانەت (2003)شەوە پێویستبو دەستى خزمەتگوزارى و ئاوەدانى زیاتر بۆ هەڵەبجە رابکێشرێت و خزمەتى زیاتر بکرێت.
بە پارێزگاکردنیشی راستە لە روى مەعنەوییەوە ئەو بڕیارە بۆ هەڵەبجەییەکان کە خاوەنى مێژویەکى گەورەن لە قوربانیدان گرنگ بو، بەڵام پێویستبو هاوشانى ئەوەش لە روى خزمەتگوزارى و پڕۆژەوە خزمەتى زیاتر بکرانایە و وەک پارێزگایەکى نوێ کە پێویستى زۆرى هەیە ئاوڕى لێبدرایاتەوە و مامەڵەى لەگەڵ بکرایە لە سەرجەم کەرتەکاندا.
لەم چەند ساڵەدا حکومەتى هەرێم نەیتوانیوە ئەرکەکانى وەک پێویست بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێ بکات، رەنگە ئەوەش پاساوەکەى ئەو قەیرانانە بێت کە بەرۆکى حکومەتى گرتوە لەم چەند ساڵە هەر لە شەڕى دژى داعش تا قەیرانى دارایى و نەناردنى شایستەى دارایى هەرێم لەلایەن حکومەتى فیدراڵ و دواتریش ئەو قەیرانە گەورەیەى بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە لێکەوتەکانى زیانى گەورەى لە ئابورى جیهان و عێراق و هەرێمى کوردستانیش دا.
بەڵام ئەوەى تائیستا کراوە لەسەرجەم بوارەکاندا لە ئاستى چاوەڕوانى هەڵەبجەییەکان و قوربانیدانى ئەو پارێزگایە نەبوە.

* راستە هەڵەبجە کراوەتە پارێزگا، بەڵام تەواوى رێکارەکانى ئەو پارێزگابونە لە عێراقى فیدراڵ تەواو نەبوە و لەسەر ئاستى هەرێمیش وەک پارێزگایەک مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت، ئەمە بەرپرسانى پێش تۆ لە شارەکە نکۆڵییان لێ نەکردوە، بە بڕواى تۆ هۆکار چییە و چۆن لەو دۆخە دەرباز دەبێت؟
شاهێن حەمەڕەزا: نکۆڵى لەوە ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر هەمو ئاستەکان هەوڵەکان دراون و بەردەوامن بۆئەوەى حکومەتى عێراقیش بوجەیەک بۆ گەشانەوەى پارێزگاکە و قەرەبوکردنەوەى دابین بکات.
هیوادارین ئەو دەستپێشخەرى و هەنگاوانە لەسەر ئەرزى واقیع ببینین، ئەوە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵە کە خۆى بەبەرپرسیار ببینێت بەرامبەر ئەو شارەى هەزاران قوربانى داوە و چەند جارێک لەسەر دەستى حکومەتەکانى پێشو روبەڕوى هێرش و وێرانکارى بوەتەوە.

* لەکاتێکدا ئێوە وەک جێگرى پارێزگاى هەڵەبجە دەستبەکار دەبن کە کۆمەڵێک قەیران لە ئارادایە و دەوترێت هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت و کەموکوڕى و پێداویستى زۆرە، ئێوە دۆخى هەڵەبجە چۆن دەبینن و چی بە پێویست دەزانن بۆ شارەکە بکرێت؟
شاهێن حەمەڕەزا: ئەرکى ئێمە بەدواداچونە بۆ کێشە ئیدارى و خزمەتگوزاریییەکان بەشێوەیەک کە لە ئاستى داخوازى خەڵک و وەڵامدەرەوەى بێت.
ئامانجى ئێمە کارکردنە بۆ چارەسەرکردنى ئەو قەیران و کەموکوڕیانەى شارەکە هەیەتى، وەک پێشتر ئاماژەم بۆکرد، هەڵبجە و خەڵکەکەى چەند جارێک ئاوارەیى و ماڵوێرانى دیوە و پێویستە حکومەتى عێراق و هەرێم لە ئاست دابینکردن و خزمەتگوزارى ئەو شارەدا بێت و چیتر وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ مامەڵەى لەگەڵ بکەن و پێداویستیەکانى بۆ دابین بکەن.
ئەوەندەى پێم بکرێت بەپێى توانا ئەو دەسەڵاتانەى هەمانە، ئەرکى سەرشانم لەگەڵ هاوڕێیانم لە پارێزگاى هەڵەبجە تەواوکەرى ئەو کارانە دەبین کە ئەوان دەستیان داوەتێ بۆ خزمەتکردنى شارەکە و خەڵکەکەى و پڕۆژەى دیکەشمان دەبێت.

* جگە لەو کیشەیەى رۆژانە هاوڵاتیانى سنورەکە بەرکەوتەین، هەڵەبجە چەند جارێک بوەتە قوربانیى و کیمیاباران و وێرانکارى، تا چەند پێویستى بە پڕۆژەى گەورە و بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابورى هەیە؟
شاهێن حەمەڕەزا: زۆر زۆر، گرنگە هەڵەبجە لە روى پڕۆژەى ستراتیژیەوە گرنگى پێبدرێت بە کۆمەڵێک هۆکار کە جگە لەوەى پێشتر باسمان کرد لەروى قوربانیانیەوە، لە روى پێگەى جوگرافیییەوە ناوچەیەکى سنورییە و چەند دەروازیەک هەیە دەتوانرێ ببوژێنرێنەوە، جگە لەوە لەرێى گەشتوگوزاریەوە کە چەندین ناوچەى سروشتى جوانى دڵرفێنى هەیە دەکرێت ببوژێنرێنەوە و پڕۆژەى تێدا بکرێت و خەڵکەکەى بەهۆیەوە ببێتە خاوەن داهات.
هەروەها لەروى کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە کە خاکێکى بەرفراوان و بەپیتى هەیە و چەندین بەروبومى تایبەت بە خۆى هەیە. دەکرێت هەر ئەوەش بکرێتە دەرفەت بە رەچاوکردنى کۆمەڵێک ئاسانکارى، لە روى پیشەسازییەوە ببوژێنرێتەوە و کارگەى گەورەى تێدا دروست بکرێت، هاوکات لە روى پڕۆژەى رێگاوبان و وەبەرهێنانەوە.
هەمو ئەوانە کارو بەدواداچونى دەوێت و کارى ئێمەش ئەوەیە هەوڵى خۆمان لەو پێناوەدا بخەینەگەڕ و پڕۆژەمان دەبێت بۆی.
ئێمە پێداگرى دەکەین لەوەى هەڵەبجە تایبەتمەندییەکى خۆى هەبێت، لە عێراق و هەرێمى کوردستانیشدا یەکێکە لەو شارانەى گەورەترین قوربانى داوە لە بۆردومان و کاولکارى و کیمیاباران و تەنانەت شەڕى ناوخۆ. بۆیە پێویست زیاتر لاى لێ بکرێتەوە.

* کاتى خۆى ژورى ئەندازیارانى بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژەیەکیان هەبو بۆ ئەوەى هەڵەبجە لەماوەى پێنج ساڵدا ببوژێتەوە، ئەو پڕۆژەیە کرایە کتێبێک و درایە پارێزگا و دامودەگاکانى هەڵەبجە بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکرێت لەماوەى پێنج ساڵدا دەتوانرا هەڵەبجە زۆر ببوژیندرێتەوە و پێشبکەوێت و پارەیەکى زۆریش لەسەر حکومەت نەکەوێت، بەڵام کار بەو پڕۆژەیە نەکرا؟ ئێوە پلانتان نییە لەڕێگەى ئەو پرۆژە ئامادەیەوە خزمەێکى زیاتربەو شارە بکەن؟
شاهێن حەمەڕەزا: ئەو پڕۆژەیە گرنگ بو، هەر ماویشە.
هەوڵ دەدەم لەگەڵ هاوڕێیانم کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەى دیکەى هاوشێوەش بکەین کە لە خزمەتى خەڵکى شارەکە و پارێزگاکەدان و بیکەینە نەخشەڕێى ئایندەمان لەپێناو بوژاندنەوە و خزمەتێکى شایستە بە خەڵکى خۆمان، بۆئەوەى بتوانین بە پاڵپشتى حکومەت و تەنانەت کەرتى تایبەت و خەڵکى شارەکە خزمەتێکى زیاتر و شایستە پێشکەش بکەین.


هەواڵی زیاتر