کوێستان محەمەد: به‌ پێی یاسای چاكسازیی پێداچونه‌وه‌ی ته‌واومان بۆ سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی فه‌رمانبه‌ران كردوه‌

09/08/2021

وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، رایدەگەیەنێت: پێداچونه‌وه‌ی ته‌واومان بۆ سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی فه‌رمانبه‌ران كردوه‌ و هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌ ناشایسته‌یی پله‌كه‌ی به‌رز كرابێته‌وه‌ یان ده‌رماڵه‌یه‌كی بۆ به‌سترا بێت، وه‌كو فه‌رمانبه‌ره‌كانی دیكه‌ی لێ بكرێت.

سایتی فەرمی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە لە دو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێك بوه‌ له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی چاكسازیی گه‌وره‌ی له‌ بوارى کارگێڕی ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌نجامدانی چاكسازیی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له‌ هه‌مو وه‌زره‌ته‌كان ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار  و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی دەڵێت: له‌ ماوه‌ی دو ساڵی كاركردنمان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، هه‌وڵمان داوه‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت، تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ بكه‌ین و له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕاهێنانی پیشه‌یی و هۆبه‌ی سه‌لامەتی‌ و ته‌ندروستی پیشه‌یی، توانیومانه‌ كار له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كرێكاران بكه‌ین. به‌ به‌رده‌وامی لیژنه‌مان هه‌یه‌ كه‌ سه‌ردانی شوێنی كاركردنی كرێكاره‌كان و كۆمپانیاكان ده‌كه‌ن، هه‌ر كرێكارێكیش مافی پێشێل كرابێت لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین. له‌ ماوه‌ی ڕابردو، به‌ هۆی خراپمامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كرێكاران و پێشێلكردنی مافه‌كانیان، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌؛ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك دراونه‌ته‌ دادگا.

دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان:
سه‌باره‌ت به‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی كۆچی دواییان كردوه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان یان به‌ ئه‌نقه‌ست خۆیان كردوه‌ته‌ كه‌مئه‌ندام، ڕۆژانه‌ ناوه‌كانیان له‌ لیستی كه‌مئه‌ندامان ده‌سڕێته‌وه‌‌ و به‌ پێی یاسای ساڵی ٢٠١١ى كه‌مئه‌ندامان، پێویسته‌ كه‌مئه‌ندام ناسنامه‌ی تایبه‌ت به‌ كه‌مئه‌ندامانی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار و مامه‌ڵه‌كانیان له‌ ڕێی ئه‌م ناسنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. له‌ ئێسته‌دا  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت، سه‌رقاڵی دروستكردنی ناسنامه‌یه‌كی ناوه‌ندین بۆ سه‌رجه‌م كه‌مئه‌ندامان. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌ ڕە‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، موچه‌ی (١٥) هه‌زار كه‌مئه‌ندامان گه‌ڕێندرایه‌وه‌، كه‌ پێشتر به‌ ناڕە‌وایی بڕدرابون.
کوێستان محەمەد باسى لە پێشتر له‌ چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌مئه‌ندامان، موچه‌‌ دابه‌ش ده‌كرا، ئێستا دابه‌شكردنی موچه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ بانكه‌كان، جگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین و گوتیشی "كه‌ ده‌ستبه‌كاربوم له‌ هه‌ندێك شوێن گه‌نده‌ڵی ده‌كرا، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بڕی یه‌ك ملیار دیناری پاره‌ی كه‌مئه‌ندامان دیار نه‌بو، دواتر‌ توانیمان ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و موچه‌ی كه‌مئه‌ندامان بۆ بانكه‌كان بگوازینه‌وه"‌.

خزمه‌تكردنی هاوڵاتییان:
له‌ هه‌مو ئه‌و چینوتوێژانه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تین، كاری جددی و گه‌وره‌ كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م به ‌شێوازێك جێبه‌جێ بكرێت‌ له‌ ئاستی خزمه‌تكردنی ئه‌و توێژانه‌دا بێت.
هاوكات بڕیارمان وه‌رگرتوه‌ بۆ دروستكردنی شەش چاكسازی بۆ ژنان و نه‌‌وجه‌وانان.

ئه‌نجامدانی چاكسازیی:
یه‌كێك له‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، بریتییه‌ له‌ پرسی چاكسازیی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی توانیویه‌تی له‌ ئاستێكی به‌رزدا ڕوبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌ و چاكسازیی ئه‌نجام بدات.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: به‌ پێی یاسای چاكسازیی له‌ موچه‌ و خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ران، پێداچونه‌وه‌ی ته‌واومان بۆ سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی فه‌رمانبه‌ران كردوه‌. بۆئه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌ ناشایسته‌یی پله‌كه‌ی به‌رز كرابێته‌وه‌ یان ده‌رماڵه‌یه‌كی بۆ به‌سترا بێت، وه‌كو فه‌رمانبه‌ره‌كانی دیكه‌ی لێ بكرێت.
كوێستان محه‌ممه‌د، دەڵێت: گۆڕانكاریمان له‌ هه‌ندێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان كردوه‌ و توانیومانه‌ ئه‌و ناڕێكی و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ پێشتر هه‌بوه‌ بنبڕیان بكه‌ین. به‌ساڵاچوانیش له‌گه‌ڵ په‌ككه‌وته‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی كردبوه‌ سه‌ر ژیانی به‌ساڵاچوان، له‌ ئێسته‌دا له‌ یه‌كتری جیا كرداونه‌ته‌وه‌.

كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین:
كوێستان محه‌ممه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، دەشڵێت: توانیومانه‌ ڕۆتین تا ئاستێكی باش بنبڕ بكه‌ین، هه‌ر هاوڵاتییه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت یان له‌ دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان یان له‌هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، زۆر به‌ خێرایی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، رایگه‌یاند: كارێكی دیكه‌ی گرینگی كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌وه‌یه‌، به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌بێت حكومه‌تی هاوڵاتییان بێت، پێویستیشه‌ وه‌زیره‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا بن، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وام له‌نێو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت و له‌نێو هاوڵاتییانین، بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ گوێمان له‌ كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان هه‌بێت و به‌دواداچون بۆ كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان بكه‌ین و له‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تمان، سندوقی سكاڵا داندراوه‌.


هەواڵی زیاتر