مستەفا سەید قادر: پێویستە هەڵبژاردنێکی ئارام و دور لە توندوتیژی و ساختەکاری ئەنجام بدرێت

19/09/2021

جێگرى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لە پێویستى ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ئارام و دور لە توندوتیژی و ساختەکاری دەکەنەوە.

مستەفا سەید قادر، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن سەرۆکى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بۆ کاروبارى هەڵبژاردن و شاندى یاوەرى، ئەڵنگارییەکانى بەردەم پڕۆسەى هەڵبژاردن و پرسى پاک و بێگەرى لە هەڵبژاردنەکەدا تاوتوێ دەکات و لە کۆبونەوەیەکدا هەردولا، باسیان لە بارودۆخی سیاسی و پرسەکانی دەستور لە نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، دواتر بە وردی یاسایی هەڵبژاردن و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەڕێوەچونی پرۆسەکە و شێوازی چاودێریکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

بەپێى راگەیەندراوى جێگری سەرۆکی هەرێم، مستەفا سەید قادر سەرەڕای تێبینی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان و نەبونی سەرژمێری گشتی، بەبایەخەوە رۆڵی سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا و شاندەکەی یاوەری بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق وەسفکرد.

وەفدی یەکێتی ئەوروپا جەختیان لەوە کردەوە کە سەرباری چاودێریکردنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکە لەلایەن تیمە شارەزاکانیان، لەکۆتاییدا راپۆرتێک ئامادە دەکەن لەسەر بەڕێوەچونی پرۆسەکە کە دواتر ئاراستەی حکومەتی عێراق و دامەزراوە حکومی و ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتیەکانی دەکەن.

بەپێى راگەیەندراوەکە هەردولا هاوڕابون لەسەر بایەخی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ئارام و دوور لە توندوتیژی و ساختەکاری.


هەواڵی زیاتر