وەزیری دارایی: ئەو رێکارانەى لەبارەى موچەى پلە باڵاکانەوە گرتومانەتە بەر بەردەوام دەبێت و گەڕانەوەى بۆ نییە

26/09/2021

وەزیری دارایی و ئابوری رایدەگەیەنێت؛ ئەو رێکارانەى لەبارەى موچەى پلە باڵاکانەوە گرتومانەتە بەر بەردەوام دەبێت و گەڕانەوەى بۆ نییە، دەشڵێت: بۆ دابینکردنى موچە درێغیمان نەکردوە و ناشیکەین

ئاوات جەناب نورى، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە رایگەیاند: "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئومێدمان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و سات دایە بە ئەرێنی یان نەرێنی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە حکومەتی هەرێم هیچ کەمتەرخەمی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت".

وتیشی: "لە رۆژى حەوتى ئەم مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە بۆ رەوانەکردنى ئەو بڕە پارەیە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە".

سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، ئاوات شێخ جەناب گوتی: "ئەو ئیجرائاتانەی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە لەسەر هەمووی بەردەوام دەبێت، ئەوەی گرنگە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەبارەی پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی بۆ نییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، هەموو پلە تایبەتەکانیش بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە ئامادەییان دەربڕیوە کە لەگەڵ گوزەرانی خەڵک بن، نەمبیستووە کەسیان گلەیی بکەن".

وەزیری دارایی، لەبارەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوەدا: "دەروازەکانی عێراق بە باشی کۆنترۆڵ ناکرێن و پشێوی هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سنووری پەروێزخان و باشماخ هەبووە، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەکانن، هەواڵی خۆشمان پێدەگات کە بەرەو باشی دەڕوات".


هەواڵی زیاتر