جێگری سەرۆک و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتيی ئەوروپا یەکخستن و بەدامەزراوەیيکردنی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن

07/11/2021

جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتيی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان یەکخستن و بەدامەزراوەیيکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق بەتایبەت لەو سنوورانەی چەکدارانی داعش تيایدا جموجۆڵیان هەیە تاوتوێ دەکەن.

مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ماری پارێ، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتيی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و سیمۆن کارلستیتر لە نێردەی ڕاوێژکاريی یەکێتيی ئەورووپا بۆ عێراق کرد، بارودۆخی ئەمنی و سیاسيی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو پرۆژە هاوبەشانەی یەکێتيی ئەوروپا دەخوازێت لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان بدات تاوتوێ دەکەن، بەتایبەتيش ئەو پرۆژانەی پەیوەنديیان بە پلانی ستراتیژی و بیناکردن و پتەوکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە هەیە و مەبەست لێیان ئەنجامدانی چاکسازييه‌.

لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بون دەبێت بەدواداچون بۆ پرۆژەکان بکرێت تا دڵنیا بن لەوەی ئامانجی پرۆژەکان هاتونەتە دی، هەروەها تیشک خرایە سەر گرنگيی یەکخستن و بەدامەزراوەیيکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و کاری هاوبەشی نێوانیان لەو سنوورانەی چەکدارانی داعش تيایدا چالاکن، ئه‌وه‌ش بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشایيیە ئەمنيیەی کە هەیە.


هەواڵی زیاتر