قائیمقامى پێنجوێن: هەوڵەکانمان چڕکردوەتەوە بۆ لابردنى ئاستەنگەکان و چاککردنەوەى کارەباى دانیشتوانى پێنجوێن

23/01/2022

قائیمقامى پێنجوێن رایدەگەیەنێت؛ لە هەوڵى دابینکردنى پێداویستییەکانى هاوڵاتیان و لابردنى ئەو ئاستەنگانەین کە بەهۆى بەفربارینى زۆرەوە روبەڕوى هاوڵاتیانى پێنجوێن و دەوروبەرى بوەتەوە، بەڵام تواکانمان سنوردارە و دەشڵێت: حەوت ساڵە داواى کردنەوەى دو بەڕیوەبەرایەتى و ئامێر و کەرەستەى نوێ دەکەین، بەڵام تائێستا بۆمان دابیننەکراون.

زانا عەبدولڕەحمان قائیمقامى پێنجوێن، لەبارەى دۆخى سنورى قەزاکەى دواى ئەوەى چەند رۆژى رابردو بڕێکى زۆر بەفرى لێ بارى و پلەکانى گەرما تێیدا بۆ نزمترین ئاست دابەزى بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: بەهۆى ئەو بەفرە زۆرەى باریوە ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبوە و نەمانتوانیوە زۆربەى رێگەى گوندەکان بماڵین، ئەوەش بەهۆى کەمى ستافى شارەزا و کۆنى ئامێرەکانمانەوە، بەڵام بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بەتایبەت لە رێگەى تیمەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى پێنجوێن و و رێگەوبان و ئاوەدانەکردنەوەى سلێمانى و کۆمپانیاى گەردین بۆ پاککردنەوە، بە هاوکارى تیمەکانى پۆلیس و پۆلیسى هاتوچۆ و چاکسازى کارەبا
کە هەموان پێکەوە چیمان پێبکرێت بۆ خزمەتى زیاترى هاوڵاتیان و کەمکردنەوەى بارگرانیەکانیان بەهۆى ئەم دۆخەوە، درێغى ناکەین.

وتیشى: پێنجوێن بەپێى ئەوەى تیابەتمەندى هەیە پێشتر کارەباى 24 کاژمێرى بۆ دابین کرا بە دانانى جۆزەى 16 ئەمپێرى بۆ ماڵەکان، بەڵام ئێستا کاتى پێدانى کارەبا بۆ 19 سەعات کەمبوەتەوە ئەوەش ژیانى هاوڵاتیانى سنورەکەى سەختتر کردوە بەتایبەت لەم وەرزە ساردە، بۆیە هەمو هەوڵەکانمان چڕکردوەتەوە لە ئێستادا بۆئەوەى دۆخى کارەباى پێنجوێن و دەوروبەرى چاکبکرێتەوە، بابەتێکى دیکەش کاریى لەسەر دەکەین دابینکردنى بەرمیلێکى دیکەى نەوتە بۆ دانیشتوانى سنورەکە، چونکە ئێستا 120 سم بەفر لە پێنجوێن باریوە و هاوڵاتیان پێویستیان بە سوتەمەنییە بۆ ئامێرى گەرمکەرەوە.

زانا عەبدولڕەحمان ئاماژە بەوە دەکات کە لەبارەى دۆخ و پێداویستییەکانى پێنجوێن و ناحیە و گوندەکانى پەیوەندییمان بە وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى و رێگاوبانى سلێمانى کردوە و دۆخى ئاگادارمان کردونەتەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە تیمەکانى ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبانى راسپاردوە چی پێویستە بۆمان بکەن، "بەڵام لە راستیدا ئامێرەکان کۆنن، چەند ئامێرمان هێناوە بۆ گوندەکان هیچیان کار ناکەن و بڕیارە لە سلێمانیەوە تیم بگاتە پێنجوێن بۆ چاککردنەوەى ئامێرەکان".

دەشڵێت: چارەسەرى بنەڕەتى بۆ ئەم دۆخەى پێنجوێن کە هەمو ساڵیک تێى دەکەوێت کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتى ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبانە بۆئەوەى چاوەڕوان نەبین لە سلێمانییەوە پێداویستى و هاوکارى و ئامێرەکان رەوانە بکرێن، یان دابینکردنى ئامێرى نوێ و پێویستە.

لەبارەى ئامادەکارى و پێشوەختە و داواکاردنى ئەو پێداویتسیانەوە، قائمقامى پێنجوێن دەڵێت: حەوت ساڵ پێش ئێستا بە یاداشت و چەند جارێک داوامان لە جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیر و پارێزگاریش کردوە بۆ کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتى رێگاوبان بە کەرەستە و ئامێرى نوێ و بەڕیوەبەرایەتییەکى دەزگاى مین لە پێنجوێن چونکە لە سنورى قەزاکە رێژەیەکى زۆر مینى چێنراو هەیە و ساڵانەش لە وەرزى زستاندا دۆخى سەخت دەبێت و باران و بەفرى زۆر دەبارێت، بەڵام تائێستا و بەپاساوى قەیرانى دارایى ئەو بەرێوەبەرایەتیانەمان بۆ نەکراوەتەوە، لەکاتێکدا پێویستییەکى بنەڕەتین بۆ پێنجوێن و هیوادارین بۆ مان جێبەجێ بکرێت.


هەواڵی زیاتر