وەزیری ئاوەدانكردنەوە گرێبەستى لێکتێگەیشتنی بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین واژۆکرد

10/02/2022

بۆ بونیادنانی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لێکتێگەیشتنى لەگەڵ کۆمپانیای (دۆچە بان)ى ئەڵمانى واژۆکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێم لەدوای واژۆكردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (deutsche bahn )ی ئەڵمانی، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەش دا رایگەیاند: ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنەکەمان واژۆکرد، بونیادنانى هێڵى ئاسن لە هەرێمى کوردستان، پڕۆژەیەکى گرنگە، بەڵام ئاسان نییە، چونکە پێویستى بە بودجە و توانایەکى گەورە و کاتى پێویست هەیە.

وتیشى،" پڕۆژەى هێڵى ئاسن ماستەرپلانەکەى لە ساڵى (2012)ەوە دانراوە و ئەرکى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەیە کە جێبەجێى بکات، بەڵام ئێمە توانیمان پڕۆژەکە زیندوبکەینەوە و لەسەرەتاى دەستبەکاربونمان لە کابینەى نۆ پلانمان داناوە بۆ جێبەجێکردنى و ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییەش لە باشترین کۆمپانیاکانى جیهانە بۆ ئەو بوارە.

وتیشی: دروستکردنى هێڵى ئاسنینى هەرێم بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، وەک دیزاینکردنى پڕۆژەکە و چۆنیەتى جێبەجێکردنى و دۆزینەوەى بودجەى پێویست بۆ پڕۆژەکە.

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە جەختیشى کردەوە، دواى ئەوەى پڕۆژەکە هەموو لایەنە تەکنیکى و هونەرییەکانى تەواو دەبێت دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەشیانەوێت پڕۆژەکە لە روى کوالێتییەوە هاوشێوەى هێڵى ئاسنینى وڵاتانى پێشکەوتوبێت.

هاوكات نوێنەرى کۆمپانیاى (deutsche bahn )ی ئەڵمانی وتی: "ئەمڕۆ توانیمان پەیوەندییەکى گەورە بنیادبنێین، دامەزراندنى هێڵى ئاسنى پڕۆژەیەکى گرنگە و پێویستى بەماوەیەک هەیە بۆ جێبەجێکردنى و هیوادارم بتوانین پشتیوانی ئەو ناوچە جوانە بکەین و واژۆکردنى گرێبەستەکەى نێوانیشمان بناغەیەکى باشە بۆ پەیوەندییەکانمان".


هەواڵی زیاتر