سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان: یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە

14/02/2022

سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستە پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم پێشکەش بکرێت.

یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ یاسای هەڵبژاردن لە رابردودا حەوت جار هەموارکراوەتەوە و بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە و پێویستە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پڕۆژە یاسای نوێ پێشکەش بکەن کە بڕگە و ماددەکانی یاساکە بەشێوەی رون و ئاشکرا ئاماژەیان پێ بکرێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە زۆربەیان دەکرێت خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ بکرێت.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ بە هاوکاری ژورە پەیوەندیدارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، پڕۆژە یاسایەکیان ئامادەکردوە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و گرنگیشە سەرجەم لایەنەکان بۆچونیان هەبێت لەم پرسەدا، چونکە ئەم جۆرە یاسایانە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمرۆ دوشەممە شاندێکى سەرۆکایەتى هەرێم سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەى خستەڕو کە ئامانجى سەردان و کۆبونەوەکە تاوتوێکردنى پرسى هەڵبژاردن بو کە مۆرکى دەرستورى و رەهەندى نیشتیمانیشى هەیە، بزوتنەوەى گۆڕان بە پێویستى دەزانێت هەڵبژاردن لە وادەى خۆى ئەنجام بدرێت، بەڵام پیویستیشە یاساى هەڵبژاردن لە خزمەت بەهێزکردنى پەرلەمان و هەڵبژاردنێکى پاک و بێ گەرد و بێ کێشەدا بێت.


هەواڵی زیاتر