ئیسماعیل ئەحمەد: کار بۆئەوە دەکەین خزمه‌تگوزاری باشتر و زیاتر پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانى قەزاى بازیان بكه‌ین

24/02/2022


قائیمقامى قەزاى بازیان، رایدەگەیەنێت: سەرقاڵى پێکهێنانى هه‌یكه‌لیەتى کارگێڕی قەزاکەین بۆ کردنەوەى فەرمانگە پێویستەکان و خزمەتکردنى هاوڵاتیانى سنورەکەمان لە سەرجەم بوارەکاندا.

ئیسماعیل ئەحمەد، قائیمقامى قەزاى بازیان بە وەکالەت لەبارەى دواین رێکار و هەنگاوەکانى بەقەزابونى بازیان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: له‌ئێستادا سەرقاڵى پێکهێنانى پێکهاتەى هه‌یكه‌لیه‌ی کارگێڕی قه‌زاكه‌ین له‌گه‌ڵ نوسراوكردن بۆ پارێزگاری سلێمانی بۆئاگادارکردنەوەى وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان بەمەبەستى كردنه‌وه‌ی وه‌حده‌ی حسابی و گۆڕینی هه‌یكه‌لی ئیداری و كردنه‌وه‌ی دادگا و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك لەوانە؛ په‌روه‌رده‌ و كاره‌با و ژینگه‌ و ئه‌و فه‌رمانگه‌ی له‌ ئێستادا نیمانە و پێویسته‌ له‌ قه‌زادا هه‌بێت.

ئاماژە بەوەش دەکات بۆ بەڕێوەچونى ئەو رێکارانە پارێزگاری سلێمانی نوسراوی ئاراسته‌ی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان كردوه‌  و چاوەڕوانیان رەزامەندى وەزارەتەکان بگەڕێتەوە، هه‌ركاتێكیش ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ كرانه‌وه‌ وه‌كو قه‌زایه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاروباره‌كانمان راده‌په‌ڕێنین.

ئەوەش دەخاتەڕو له‌سه‌ر پێشنیاری هاوڵاتیانى سنورەکە داواكراوه‌ دو ناحیه‌ له‌ قه‌زای بازیاندا هه‌بێت، "ئێمه‌ش ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر داوه‌ و به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگای سلێمانی و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ ئەوانیش به‌رده‌قاره‌مان و ئه‌ڵایی-ن بۆئەوەى بكرێن به‌ ناحیه‌".

سەبارەت بە خزمەتگوزارى و پێداویستییەکانى قەزاکەش، ئیسماعیل ئەحمەد دەڵێت: ئه‌و خزمه‌تگوزاریی و پێداویستی و كه‌موكورتیانه‌ی له‌ناحیه‌كه‌دا هەبون وەک خۆیان ماونەتەوە، هیوادارین و کاریشى بۆ دەکەین بۆئەوەى له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كاندا كارئاسانیمان بۆ بكرێت خزمه‌تگوزاری باشتر و زیاتر پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانى سنورەکەمان بكه‌ین".
هاوکات سوپاسى پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگا و سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەکاتت کە نوێنەرى بازیانە و رۆڵى بەرچاوى هەبوە لە بەقەزاکردنى بازیان بە هاوکارى و پاڵپشتى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سنوره‌كه‌ و هاوڵاتیان و رێكخراوه‌كانى کۆمەڵى مەدەنى.



هەواڵی زیاتر