وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: کۆگاکانى حکومەت پڕن و کۆگا بازرگانییەکانیش بەشى چەند مانگێک خۆراکیان تێدایە

08/03/2022

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى رایدەگەیەنێت؛ کۆگاکانى حکومەت پڕن لە پێداویستى و مانگانە بەشە خۆراک دابەش دەکرێت، کۆگا بازرگانییەکانیش بەشى چەند مانگێکى دیکەش خۆراک و کەرەستەى پێویستیان تێدایە و هاوردەکردنیش بەردەوامە، بۆیە پێویست ناکات هاوڵاتییان توشى دڵەڕاوکێ ببن.

کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم لەکاتى سەردانکردنى کۆگاکان و بەدواداچون بۆ بونى خۆراک و پێداویستى تێیاندا، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دوپاتى کردەوە کە "کۆگاکانى حکومەت پڕن و بەردەوام خۆراکى پێویستى بۆ دێت و دابەش دەکرێت بەسەر ناوچە جیاجیاکاندا، حکومەتى عێراقیش بڕیارى داوە مانگانە و هەر (30) رۆژ جارێک بەشە خۆراک دابەش بکرێت و لە مانگى رەمەزانیشدا دو بەشە خۆراک دابەش دەکرێت".

لەبارەى کۆگا بازرگانییەکانیشەوە، کەمال موسلیم رایگەیاند: هەر دوێنێ لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بازرگاناندا کۆبومەوە بۆ ئاگاداربون لە دۆخى بازاڕ و بونى خۆراک و کەرەستەى پێویست، دڵنیاییان داینێ کە هەر ئێستا لە کۆگا بازرگانییەکانیشدا بەشى چەند مانگێکى دیکە خۆراک و کەرەستەى پێویست هەیە و بازرگانانیش وەک رابردو بەردەوامن لە هاوردەکردنى خۆراک و پێداویستى رۆژانەى هاوڵاتیان، بۆیە پێویست بە دڵە راوکێ ناکات و پێویستە هاوڵاتییانیش وەک رۆژان و کاتى ئاسایى خۆیان پێداویستییەکانیان بکڕن و دۆخەکە پێویست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات".


هەواڵی زیاتر