جێگری سەرۆکی هەرێم: چاکسازی لە حکومڕانی و بەشداری هاونیشتیمانیان لە دەنگداندا کۆڵەکەی دامەزراندنی حکومەتێکی دامەزراوەی نیشتیمانییە
15/03/2022
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵيۆزى يهكێتيى ئهورووپا و بەرپرسی ئۆفیسی يهكێتيى ئهوروپا لە هەرێم، دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و هەلی کار و رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤ و پرسی کۆچبەران و رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان تاوتوێ دەکەن.
مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڤيلله ڤاريۆلا باڵيۆزى يهكێتيى ئهورووپا و ماری پارێت بەرپرسی ئۆفیسی يهكێتيى ئهوروپا لە هەرێم کۆبۆوە.
لە دیدارەکەدا، دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و هەلی کار و رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤ و پرسی کۆچبەران و رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان و پشتیوانیان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
جێگری سەرۆکی هەرێم بەبایەخەوە جەختی لە پرۆسەی چاکسازی بنەڕەتی لە سێکتەرەکانی حکومڕانی و نەهێشتنی گەندەڵی کردەوە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێم و پاکی تۆماری دەنگدەران و بەشداری هاونیشتیمانیان لە دەنگداندا بە کۆڵەکەی دامەزراندنی حکومەتێکی دامەزراوەی نیشتیمانی لەقەڵەمدا و لەهەمان کاتدا، سەقامگیری سیاسی و متمانەی هاوڵاتی هەرێم مسۆگەر دەکات.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی شیعە و سونە و کورد و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە، هەروەها، هەردولا باسیان لە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز و داهاتی گومرگی خاڵە سنورییەکان و هێرشە موشەکییەکان کرد.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو کێشە و ململانێکان لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستور یەکلابکرێنەوە و دیالۆگ بکرێتە تەنیا رێگە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.
دوا تەوەرەی گفتوگۆکان کێشەکانی بێکاری و بێ دەرامەتی و ناسەقامگیری سیاسی و ئاستەکانی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و مافە سەرەکییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بوو کە هەردوولا هاوڕابوون کە پێویست بەکاری راستەقینەی هەمەلایەنە دەکات.