کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى: کرێکاران دڵنیا دەکەینەوە پشتیوانیانین و داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانین

01/05/2022

وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى لە جەژنى کرێکاراندا رایدەگەیەنێت؛ رەشنوسی یاسای کار و یاسای دەستەبەری خانەنشین و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیان ئامادەکردووە و ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی خۆیان بخەنەڕو و دوای جەژن رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ئاشکراشى دەکات؛ 16 هەزار کۆمپانیا و133 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون.

دەشڵێت: نزیکەى 12 هەزار کەمئەندامى نوێمان تۆمارکردووە و هەوڵەکان بۆ ئەوەن دواى بینینى لیژنەى پزیشکى بخرێنە لیستى موچەوە.
کوێستان محەمەد، وه‌زیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەى کار و پلانى وەزارەتەکەیەوە بۆ ئەو چین و توێژانەى پەیوەندیدارەن بە وەزارەتەکەیانەوە، ئاماژە بەوە دەکات؛ یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و مافی کرێکار و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، لەم روانگەیەوە وەزارەتی کار کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە. ئێمە رەشنووسی یاسای کارمان ئامادە کردووە و بڕیارە لەمانگی 5ی ئەمساڵ بچێتە ئەنجومەنی وەزیران. یاسای دەستەبەری خانەنشین و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش ئامادە کراوە و ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی خۆیان بخەنەڕوو و دوای جەژن دەخرێتە بەرنامەی کار و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. هەروەها رێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی ئامادەکراوە، بۆ سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ ئەوەی زیاتر هەلی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی بڕەخسێنین. لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی چەند بەشێکمان هەیە، گرنگترینیان بەشی دەستەبەری کۆمەڵاتییە. لە ڕێگەی ئەم بەشەوە وادەکەین کرێکار مافەکانی دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کە گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین بکرێت وەکو هەر کەسێک کە لە کەرتی گشتی خانەنشین دەبێت.

دەشڵێت: وەکو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کرێکاران دڵنیا دەکەینەوە پشتیوانیانین و داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانین، هیچ گومانێکیان نەبێت لە هەر شوینێک پێشێلی مافەکانیان کرا، ئێمە دەرگامان کراوەیە و هێڵی گەرم لە خزمەتی ئەوان دادەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکانیان.


هەواڵی زیاتر