کەمال موسلیم: بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە بونى کێشە لە بەشە خۆراک و کۆگاکانى خۆراک سەردانى سلێمانیمان کردوە

22/05/2022

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە بونى کێشە لە بەشە خۆراکى مانگانە سەردانى کۆگاکانى خۆراک دەکات لە سلێمانى.

ئەمڕۆ یەکشەممە، کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم سەردانى سلێمانى کرد و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تایبەت بە بابەتى خۆراک و ئەو گلەیی و رەخنانەى هەیە لەگەڵ دەنگۆى بونى خۆراک لە کۆگاکان و دابەشنەکردنى، سەردانى سلێمانیمان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبوینەوە و ئێستاش بەشێوەیەکى مەیدانى هاتوینەتە کۆگاکان.

وتیشى: لە کۆبونەوەمان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تەواوى کێشە و گلەیى و گرفتەکانمان تاتوێ کرد، لیژنەیەکى بەدواداچون و لێکۆڵینەوەشمان پێکهێناوە بۆئەوەى بزانین ئایا خۆراک هاتوەتە کۆگاکان و دابەش نەکرێت، لەسەر ئەنجامى  و راپۆرتى لیژنەکە بڕیارى کۆتایی دەدەین.

سەبارەت بە پرسى دواکەوتنى بەشەخۆراکى مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى وتى: بۆ چارەسەرى پرسى بەشە خۆراکى مانگانە و گەنمى جوتیاران، چ بە سەردان چ بە نوسراو و تەلەفۆن پەیوەندیمان بە وەزارەتى بازرگانى عێراقەوە کردوە و بەڵێنمان وەرگرتوە کە گرفت و دواکەوتن رونەداتەوە.


هەواڵی زیاتر