وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەم کابینەیە بەتەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات
13/06/2022
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت، سەرەڕای قەیرانەکان زیاتر لە ١٢٠ پڕۆژەی جیاوازمان ئەنجامداوەو دەشڵێت: ئەم کابینەیە بە تەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان و ئەو ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێی دەکات، گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢/٦/٢٠٢٢ لە سەردان و. كۆبونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەتەكە، دانا عەبدولکەریم، پوختەیەکی سەبارەت بە کارو چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت پێشکەشکردو ئاماژەی بەپلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە کرد کە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە جێبەجێکراون، هاوکات تیشکی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەش کە گرنگ و بایەخدارن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەماوەی ئەم کابینەیەدا بە پشتیوانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوی گرنگیناوە لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و بەشێوەیەکی گشتی سەرەڕای قەیرانەکان زیاتر لە ١٢٠ پڕۆژەی جیاوازمان ئەنجامداوەو وتی؛ ئەم کابینەیە بە تەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان و ئەو ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێی دەکات، گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لە رۆڵ و بایەخی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ پێشکەش كردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان كردوە و ئاماژەی بەوەکردوە بەرنامەیەکی باشتان هەبوەو جێدەستتان دیار بوە، دەمانەوێت لەنزیکەوە گوێبیستتان بین و بزانین لە رابردو چیمان کردوە و بۆ داهاتوش چی بکەین.
هاوکات جەختی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکان کردەوە بەشێوەیەکی گونجاو و کوالێتی کە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت بەتایبەت لەبواری رێگاوبان و سەلامەتی رێگاو هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت. پرسی گوندی هاوچەرخ و ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە بوە.