سەفین مەلا قەرە: گۆڕان پڕۆژەیەکى سیاسى سەرمەشقە و کاریگەرییەکى گەورەى لە فەزاى دیموکراتى و سیاسى دروستکردوە
26/06/2022
سەفین
مەلا قەرە، رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان هێزى چینە جیاجیاکانە و ئەو هێزەیە کە گوزارشت
لە بۆچون و موعاناتى خەڵک دەکات، ئەو گۆڕانخوازانەى لەم پڕۆژەیەدابون و بەردەوامن پێویستە
شانازى بە خۆتانەوە بکەن، چونکە لەناو پڕۆژەیەکى سیاسى سەر مەشقدا کارتان کردوە کە
کاریگەرییەکى گەورەى لە فەزاى دیموکراتى و سیاسى دروستکرد.
سەفین
مەلا قەرە، هەڵسوڕاوى دیارى بزوتنەوەى گۆڕان و تێکۆشەرى دێرین لە کۆبونەوەى لیژنەى
باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانى لەگەڵ ئەنجومەنى قەزاى ناوەندى هەولێر و هەڵسوڕاوانى
سنورەکە، ئاماژەى بەوە کرد کە هەریەکە لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان لە هەمو
ئاستەکان، رەخنە و تێبینی و مافمان هەیە، بەڵام ئەرکیشمان کەوتوەتە سەر شان و
پێویستە سود لە ئەزمونى رابردومان وەربگرین، "بۆیە لێرەین رەخنە و سەرنج و
تێبینى ئێوە، وەک گۆڕانخوازانى هەولێر بە هەند وەردەگرین بۆ داڕشتنەوەى سیاسەت و خۆ
نوێکردنەوە و ئامادەکارى بۆ قۆناغى نوێ، چونکە هەولێر بۆ ئێمە گرنگە و هەمو
گۆڕانکارییەک لە هەولێرەوە دەست پێدەکات".
وتیشى:
گۆڕان بزوتنەوەیەکى جەماوەریى زیندوە و بەردەوامیی دەدات بە هەنگاو و هەوڵەکانى بۆ
جێبەجێکردنى بەرنامە و بنەماکانى لە خزمەتى خەڵک و پڕۆسەى چاکسازى و پرسە نەتەوەیی
و نیشتیمانییەکاندا، ئێوە وەک گۆڕانخوازانى
شارى هەولێر پێویستە شانازى بە خۆتانەوە بکەن، کە لەناو پڕۆژەیەکى سیاسى سەر
مەشقدا کارتان کردوە تائێستا هیچ هێزێکى سیاسى نەیتوانیوە پێى بگات و تێى بپەڕێنێت
نە لە بەرنامەى سیاسى نە لە کاریگەرییەکەى و نە لەو گۆڕانکاریانەى لە ژیانى سیاسى
کردویەتى.
ئەوەشى بیرهێنایەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان هۆشیارى میللى خەڵکى
کوردستانى بەرامبەر ماف و داخوازى خۆى و بازنەى ئازادییەکانى فراوانکرد، دەنگى
هاوڵاتیانى ئازاتر کرد، "بۆیە دەتوانن شانازى بەوەوە بکەن کە پڕۆژە سیاسییەکەتان
کاریگەرییەکى گەورەى لە فەزاى دیموکراتى و سیاسى دروستکرد".