وەزیرى دارایى: کەیسێکى نایاساییمان نەماوە بە دو موچە و سێ موچە، هەمو ئەوانەمان نەهێشتوە
05/07/2022
وەزیرى دارایی رایدەگەیەنێت؛ پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران پێشتر بە ئەمانات
دانرابو کە بەپێى یاسا دواى 10 ساڵ سفر
دەبێتەوە، بەڵام لەم کابینەیەدا کردومانە بە قەرز و پابەندییەک لە ئەستۆى حکومەت، میلاکات
رێکخراوە و دو موچە و سێ موچە نەهێڵراوە و ئەوانەش کە بەدەر لەیاسا پلەیان پێدراوە
لێیان وەرگیراوەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا نزیکەى (50%)ى داهاتى نەوت بۆ
وەزارەتى دارایى دەنێردرێت و "ئەوەى گرنگە قەرزمان نەکردوە بۆ موچە، بەڵکو یەک
ملیار دیناریش قەرزمان داوەتەوە".
ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە
بەرنامەى (رۆژەڤ)ى کەناڵى (کەى ئێن ئێن) لەبارەى کۆمەڵێک پرسەوە زانیارى نوێ
ئاشکرا دەکات و سایتى (گۆڕان) ناوەڕۆکى دیدارەکە بڵاودەکاتەوە.
لەبارەى هەڵپەساردنى کارەکەى و دوبارە گەڕانەوەى، وەزیرى دارایى دەڵێت: لەو
کاتەدا لە وەزارەتى دارایى هەندێک کێشەمان هەبو بە تایبەت دابەشکردنى موچە و
ئیدارەدانى سیولە، دواتر بە دەستوەردانى راستەوخۆى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و کاک
بافڵ تاڵەبانى و کاک قوباد توانیومان ئەو بەربەستانەى هەبو چارەسەرى بکەین و
هەوڵبدەین لە داهاتودا سەرجەم ئەو کۆسپانە لابەرین.
سەبارەت بە داهاتى نەوت و نانەوتیی هەرێم، ئاوات جەناب نورى ئاشکراى دەکات ئێستا
هەردو داهاتەکە زیادى کردوە، بەشێوەیەک "بەپێى دوا ژمارە، (720) ملیار دینارى
داهاتى نەوتمان بوە، بەشێوەیەکى تێکڕا داهاتى نانەوتیمان گەیشتوەتە نزیکى (287) ملیار
دینارى مانگانە، هەردوکى بەراورد بە ساڵانى پێشو زیادى کردوە، لەگەڵ گەمارۆیەکى
سیاسیمان لەسەر عێراقەوە لەسەرە و لە ژێر کاریگەرییەکانى کۆرۆنا هەستاوینەتەوە و
لەگەڵ کێبڕکێیەکى بەردەوامیشداین لەگەڵ خاڵە سنورییەکانى عێراق".
وەزیرى دارایی ئاماژە بەوەش دەکات؛ سەربارى ئەوەى بە ژمارە داهات زیادى
کردوە، بەڵام لە ئاستى تموح و چاوەڕوانى ئەواندا نییە و پێیوایە؛ هەرێم لە توانایدایە
داهاتى نانەوتى لەوەى ئێستا هەیەتى زیاتر بکات، بە چالاکتر کردنى دامەزراوەکانى
کۆکردنەوەى داهات و ئەوەش بە نمونە دەهێنێتەوە کە داهاتى باج لە ساڵى (2018)دا بڕى
(308)ملیار دینار بوە لە (2021) گەیشتوەتە (796) ملیار دینار، ئەمساڵ واتا (2022) تائیستا
کە شەش مانگى ساڵ رۆیشتوە گەیشتوەتە (418) ملیار دینار و چاوەڕوان دەکەن تا کۆتایى
ساڵ بگاتە ترلیۆنێک دینار، "ئەوە لەکاتێکدایە ئێمە بەهیچ شێوەیەک رەسمى باجمان
زیاد نەکردوە ، چونکە بە یاسا رێژەى باج دیارى کراوە و لە دەسەڵاتى وەزارەتى
دارایی نییە دەستکارى بکات، ئەوەى دەستکارى کراوە ئالیەتى وەرگرتنى باجە و لێپرسینەوە
زیاد کراوە، هاوکات باج چینى خاوەرەوەى کۆمەڵگاى نەگرتوەتەوە و هیچ کەسێک مەشمول
نەبوبێ باجى لێوەرنەگیراوە".
وەزیرى دارایی و ئابورى باس لەوە دەکات؛ بۆئەوەى پشت داهاتى ناوخۆ ببەسترێت
و موچەى موچەخۆرانى تأمین بکرێ، هەوڵى ئەوەیان داوە ئاستى رێژەى داهات بەرز
ببێتەوە و پێویستیشى دەزانێت بۆئەوە کارێکى دەستەجەمعى بکرێ بە هەمو ئەو حیزبانەى
لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنن لەگەڵ میدیا، چونکە مەسئولیەتێکى نەتەوەیی و نیشتیمانى
لەسەر شانى هەموانە.
هەروەک ئاشکراى دەکات لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى
وەزیران کە سەرەتاى ئەم هەفتەیەبو لە سلێمانى چۆنیەتى چاککردنەوەى ئاستى داهات لە سلێمانى تاوتوێ کراوە و هەندێک رێکار و
ئیجرائاتیان کردوە "بۆئەوەى بابەتەکە راست بکەینەوە و ئاسایش و پۆلیس و
دەزگاکانى دیکە دەستوەردان لە کاروبارى گومرگ و خاڵە سنورییەکان نەکەن، سەرۆکى
ئەنجومەنى وەزیران و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانیش پاڵپشتمانن بۆ ئەم کارە".
لەبارەى مامەڵەکردنى دو ئیدارەیی، ئاوات جەناب نورى ئەوە دەخاتەڕو کە ئەوە راستیەکە
هەمو کەسێک دەیزانێت و هێزە بەشدارەکانى ئەم کابینەیە پێش بەشداریمان زانیومانە دو
ئیدارەیی هەیە، لەناو بەرنامەى ئێمەدایە کە چۆن دو ئیدارەیی نەمێنێت و لە دەستکەوتەکانى
حکومەتیشە هەنگاو بنێ بەرەو نەمانى دو ئیدارەیی، دەشڵێت: حکومەت هەنگاویشى ناوە
بۆنمونە (18) لیوا چوەتە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە و بڕیارە تا کۆتایى ساڵ هەمو
هێزەکان بچنە ژێر ئەو چەترە و یەک هێزمان هەبێ وەک هێزى پێشمەرگە و پارێزگاریى بێ
لە هەرێم و کوردستان، هەنگاوى تریش نراوە بۆ نمونە یەکەى ژمێریارییان یەکبخرێت و فەرمانگەى
خانەنشینى پێشمەرگە نەماوە و خراوەتە سەر وەزارەتى دارایى.
سەبارەت بە بەشدارى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت، ئاوات جەناب نورى باس لەوە
دەکات وەک تیمى گۆڕان لە حکومەت هەوڵى جدییان داوە و کارى باشکراوە و وتى: لەم سێ
ساڵەدا بە گەمارۆى عێراق و ئەو دۆخە هەرێمییەى هەیە لەگەڵ ئەو دۆخە ناوخۆییەى هەیە
و بونى پەتاى کۆرۆنا، کارى گەورە کراوە، بۆنمونە ئێستا بەشی زۆرینەى داهات دێتە
وەزارەتى دارایی، هەروەها پاشەکەوتى موچە بە موعەلەقى و ئەمانات دانرابو کە بەپێى
یاسا دواى 10 ساڵ کە بەکارى نەهێنرى سفر
دەبێتەوە، ئێستا کراوە بە قەرز و ئیلتیزامێک لە سەر حکومەت، هەروەها حکومەت هەوڵى
داوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ناوەند بە دامەزراوەیی بکات و ئەو پەیوەندییە چاک
بکاتەوە و ساڵى رابردو رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتى ناوەند کرد.
دەشڵێت: بۆنمونە پێشتر باسى جیاوازى موچەى پلە تایبەت و نایاسایی دەکرا،
ئیستا بەپێى یاساى چاکسازى مامەڵە لەگەڵ پلە تایبەت دەکرێ و میلاکات رێکخراوە و دو
موچە و سێ موچەت نەهێشتوە و ئەوانەى بەدەر لەیاسا پلەیان پێدراوە لێیان
وەرگیراوەتەوە، ئەوانەت هەموى تەحقیق کردوە، بەڵام لەناو موزایەدەى سیاسیدا زۆر
راستى هەن ونبون.
ئەو پێیوایە؛ ئێستا لە هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە تا ئۆپۆزسیۆن بە یەک زمان
قسە دەکەن، بەشی زۆریشى خیتابەکەى پێشوى گۆڕانە کە باسى کردوە و خستویەتیەڕو، لەو
بڕوایەشدایە ئەم دۆخەى ئیستا خەڵک قازانجى
لێنەکردوە، "رەنگە هەندێک کە لەسەر نائومێدکردنى خەڵک کاریان کردوە قازانجیان
لێ کردبێ، بەڵام کۆى گشتى خەڵکى کوردستان قازانجى لەو دۆخە نەکردوە و نائومێدکردن
و روخاندنى خەڵک لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نییە".
وەزیرى دارایی باس لەوە دەکات کە لە هەمو ئاستەکانى سیاسى، دارایی، یاسا و
میدیاش گەندەڵى هەیە و دەبێ رەخنە بکرێ و هەوڵى چارەسەرى بدرێ، بەڵام ئەگەر هەمو
هەوڵەکان بۆ سفرکردنەوە بێ، ئەوا میللەتێکى نائومێدت دەست دەکەوێت، ئەوەشە
وایکردوە کە (20%)ى خەڵک بچێ بۆدەنگدان و مەعلومیشە کێ سود لەو دۆخە دەبینێ.
"واتە گەندەڵى هەیە لە هەمو ئاستەکان، بەڵام لە جیاتى ئەوەى هەر بە
دروشم و قسە بیکەیت، پێویستە ئیشی لەسەر بکەیت، بۆنمونە ئەگەر ئێمە ئیشمان
نەکردایە پاشەکەوتى موچەمان بۆ چارەسەر نەدەکرا، نەماندەتوانى گەڕاندنەوەى داهات
زیاد بکەین، مەبەستم ئەوەیە پێویستە پێوەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندن و کارکردن، لەم
شەش مانگەدا وامان کردوە دابەشکردنى موچە شێوەى ئاسایی خۆى و مانگانە وەربگرێت،
ئەمە دەستکەوتە، ئەم کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزیران بەرنامەکەى دڵخۆشکەر دەبێت".
لەبارەى هۆکارى زیادبونى پارەى تەرخانکراو بۆ موچە سەربارى بڕینى دو موچە و
سێ موچە و خانەنشینى پلە تایبەتى نایاسایی، وەزیرى دارایی هۆکارەکەى ئاشکرا دەکات
و دەڵێت: بۆنمونە ئەوانەى پلە تایبەتن کە خانەنشین دەبن، کەسێکى دیکە دەچێتە شوێنیان،
لەماوەى رابردودا زیاتر لە 11 هەزار کەسمان دامەزراندوە و پێنج هەزار مامۆستاى
گرێبەستمان کردوە بە هەمیشەیی لەگەڵ دامەزراندنى چەند چین و توێژێک لەوانە پزیشک و
یەکەمەکانى زانکۆ و ئێستاش دامەزراندنى پێنج هەزار کەسى دیکە راگەیەندراوە".
ئاوات شێخ جەناب ئەوە بیر دەهێنێتەوە کە بە درێژایی چەند مانگى رابردوى
ئەمساڵ حکومەتى عێراق دوجار بوجەى بۆ هەرێم ناردوە و ساڵى رابردوش شەش جار، "ئەوەش
کێشەى زۆرى بۆ دروست کردوین و زۆر پلانمان هەبو، کە بە هاتنى ئەو پارەیە چارەسەر
دەبو لەوانە ئیستیحقاقى هاوڵاتیان و فەرمانبەران لە پلە بەرزکردنەوە و دەرماڵە،
بۆیە ئەگەر لەگەڵ عێراق بگەینە رێککەوتن و حکومەتى ناوەند وەک هاوڵاتیانى تەواوى دیکەى
عێراق مامەڵەمان لەگەڵ بکات دۆخى دارایى و ئابورى و هەرێم لە 100% فەرق دەکات و
ئاستى بژێوى خەڵک زۆر باشتر دەبێ".
سەبارەت بە سیستمى بانکى، وەزیرى دارایى و ئابورى دەڵێت: چەند هەنگاوێکمان
ناوە، لەگەڵ عێراق رێککەوتوین لقێکى بانکى ناوەندى لە هەرێم دروست بکرێ بەناوى
نیشتیمان، ئەوەى لەسەر وەزارەتى داراییە هەمو هەنگاوەکانمان ناوە و سەرمایەمان بۆ
داناوە بە قەبارەى 200 ملیار دینار، ماوەتەوە ئەوەى مۆڵەتەکەمان لە عێراقەوە بۆ
بێت، پێداچونەوە بەو بانکانە دەکەین کە هەن، دواتر هەمویان پێکەوە بە سیستمى
ئەلکترۆنى پێکەوە ببەسترێنەوە، سەرقاڵى ئەوەین داتا بەیسێک دروست بکەین بۆئەوەى
دابەشکردنى موچە لەرێگەى کارتەوە بێت لە چەند مانگى داهاتودا.