کەمال موسلیم: پڕۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران بەردەوامە و (٢١٧) هەزار و (٤٦٧) تەن گەنم وەرگیراوە

06/07/2022

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رایدەگەیەنێت؛ پڕۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران بەردەوامە و تا دوێنێ (٢١٧) هەزار و (٤٦٧) تەن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، (٦٨) ملیار دیناری دیکەش خراوەتە سەر حسابى وەزارەت و دواى پشوەکانى جەژن بەسەر جوتیاراندا دابەشى دەکەین.

کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى دواین زانیارى سەبارەت بە وەرگرتنى گەنمى جوتیاران و شایستە داراییەکانیان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: تا ئێوارەى دوێنێ سێشەممە (٢١٧) هەزار و (٤٦٧) تەن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە، لە بەرامبەردا (٣٥) ملیار و (٣٥٠) ملیۆن دینارى شایستە دارایی جوتیاران دابەشکراوە و (٦٨) ملیار و (٦٠٠) ملیۆن دیناری دیکەش هاتوەتە سەر ژمارەى حسابمان کە دواى پشوەکانى جەژن دەست بە دابەشکردنى دەکەین بەسەر جوتیاراندا.

لەبارەى وادەى کۆتایی هاتنى پڕۆسەکە، کەمال موسلیم ئاماژە بەوە دەکات کە تائێستا پڕۆسەکە بەردەوامە و دیارى نەکراوە کەى تەواو بێت، بەڵام باشترە و داواکارین جوتیاران هەرچى زوە ئەگەر گەنمیان ماوە رادەستى حکومەت و سایلۆکانى بکەن، چونکە هەر کاتێک لە بەغداوە داوا بکرێت دەبێت پڕۆسەکە رابگیرێت.




هەواڵی زیاتر