وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: بەردەوامیمان بە ١٢١ پڕۆژە بە گوژمەى زیاتر لە دو ترلیۆن دینار داوە
17/07/2022
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە وتەیەکدا تیشک دەخاتە سەر گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لە سێ ساڵی رابردوی كابینەی نۆی حكومەتدا بەم شێوەیە:
* لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا توانیومانە ٦٠ پڕۆژەى ڕێگاوبان لەسەر بودجەى وەبەرهێنان بە گوژمەى گشتى ٨٥٤ ملیار دینار جێبەجێ بکەین، کە بەرهەمەکەی هەزار و ٢١٢ کیلۆمەتر ڕێگاوبان بووە وە لە ناویدا ٩٢ کم دووسایدن و ئەوەی دیکە ڕێگاى یەکساید و ڕێگاى لاوەکى و گوند و پڕۆژەى دروستکردنى تونێل و پردى گەورەى لەخۆ گرتووە، کە بەگشتى دەتوانرێت بگوترێت: لە پڕۆژەکانى ڕێگاوباندا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ١٢,٠٠٠,٠٠٠ م٢ قیرتاوکردن ئەنجامدراوە.
* توانیومانە لە چوارچێوەی کارەکانی بیناسازیدا ٩ پڕۆژەى بیناسازى و نیشتەجێکردن لەسەر بودجەى وەبەرهێنان تەواوبکەین، کە خۆى لە تەواوکردنى ژمارەیەک یەکەى نیشتەجێکردن دەبینێتەوە، بە گوژمەى گشتى ٩٨,٥ ملیار دینار.
* ئەنجامدان و تەواوکردنى ٨٢ پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى ئاسایی بە گوژمەى گشتی ٢,٧٩٤ ملیار دینار، کە بە زۆرى ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.
* ئەنجامدان و تەواوکردنى ١٢٠ پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى داهاتى وێستگەکانى کێشکردن بە گوژمەى گشتى ٧,٣٩٣ ملیار دینار، کە بە زۆرى چاککردنەوەى ڕێگا و پردى سەرەکى و ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.
* لە ڕێگەی ئەنجامدانى تاقیگەی پشکنینەوە بۆ کەرەستەکانی بیناسازی ١,٥٦٠,٠٠٠ پشکنینى جۆراجۆر مان ئەنجامداوە.
* توانیمان لە کابینەی نۆیەم هەنگاوى یەکەم بنێین بۆ دامەزراندنى هێڵى ئاسنین لە هەرێی کوردستان
* جگە لە تەواوکردنى پڕۆژەکان، بەردەوامى بە ئەنجامدانى ١٢١ پڕۆژەى جۆراوجۆرى ڕێگاوبان و نیشتەجێکردن داوە لەسەر بودجەى وەبەرههێنان کە گوژمەى گشتییان زیاتر لە ٢ تریلیۆن و ٣٣٤ ملیار دینارە. زۆربەیان لە ماوەى ٣ ساڵى ڕابردوو بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.
* بەگشتى لە ٣ ساڵى ڕابردوودا قەبارەى خەرجکردن لەلایەن وەزارتمانەوە بۆ هەموو جۆرە پڕۆژەکان ٣٨١ ملیار و ٥٢٨ ملیۆن دینار بووە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون: لە هەولێر و سۆران ٨٦ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن دینار، لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین٢٠٢ ملیار و ٨١٩ ملیۆن دینار، لە دهۆک و زاخۆ٩٢ ملیار و ٢٨١ ملیۆن دینار.